بەبەڕێوەبردنی سیمینارێک لە شاری ستۆکهۆڵم یادی ”١٠ی خاکەلێوە” بەرز ڕاگیرا

بەبەڕێوەبردنی سیمینارێک لە شاری ستۆکهۆڵم یادی ”١٠ی خاکەلێوە” بەرز ڕاگیرا

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ئاپریلی ٢٠١٧ی زایینی (١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی) سیمینارێکی بەپێز لەلایەن کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکڕاتەوە بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ”رۆژی شەهیدانی کوردستان” و هاوکات حەفتاهەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی، بەڕێوەچوو کە نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، چەندین کەسایەتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕات لەوشارە تێیدا بەشدار بوون.

دەستپێکی سیمینارەکە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خوولەکێک بێدەنگی ڕاوەستان بوو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و لەسەرەوەی هەمووشیان پێشەوای یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان. دواتر لەلایەن قادر مێهفەر بەڕێوەبەری سیمینارەکەوە بەنوێنەرایەتی لەلایەن کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا و ڕیزبەندی سیمینارەکە خوێندرایەوە. هەروەها لە بەشێک لە قسەکانیدا کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی هەینی شاری ستۆکهۆڵمی ئیدانە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە نەتەوەی کورد لەلایەک وەک قوربانییەکی دەستی تیرۆر و لەلایەکی دیکەشەوە وەک خەباتکار و داکۆکیکاری دێموکڕاسی و ئازادی، هاوخەمی و هاوپشتی خۆی بۆ گەلی سوید ڕادەگەیەنێت و داوادەکات کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەئاست سیاسەتی تیرۆر و داڵدەدەرانی تیرۆریستان هەڵوێست و کاردانەوەی گرنگ لەخۆی نیشان بدات تا چارەنووسی ڕەوشی ئارامی و ئاسایشی جیهان لەوەزیاتر ڕووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.

دوای ئەوە دۆکیۆمێنتارێکی کورت کە بریتی بوو لە وتە بەنرخەکانی ڕێبەری نەمر شەهید دوکتۆر قاسملوو، لەسەر کەسایەتی پێشەوا قازی محەمەد و رۆژی ١٠ی خاکەلێوە، نیشاندرا.

تەوەری سەرەکی سیمینارەکەش دوو باسی زانستی بوون کە لەلایەن بەڕێزان تاهیر عەلیار (نووسەر و لێکۆڵەری مێژوو و سیاسەت) و د. خالید خەیاتی (مامۆستای زانکۆ و نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی)، پێشکەش کران.

سەرەتاش بەڕێز عەلیار باسەکەی خۆی لەژێر سەردێڕی ”هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان – خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی” پێشکەش کرد. پوختەی باسەکەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بەدواداچوونێکی شیکارانە بوو لە ڕوانگەی مێژوویی _سیاسییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کردبوو. بەراوردێکی ورد و بەڵگەیی بوو لەنێوان هەردوو کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان و سەرجەم فاکتۆرە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەو سەردەمەشی لەگەڵدا خستبووە ڕوو و هاوکات کەسایەتی قازی محەمەد و ڕۆڵی لە دامەزرانی ئەو کۆمارەدا خاڵێکی گرنگی باسەکەی بوو. لەدرێژەی باسەکەید خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی هەبوو لە سیاسەتی یەکیەتی سۆڤیەتی ئەو سەردەم و وڵاتی بریتانیا. لە دەرەنجامی باسەکەیدا شیکارێکی سیاسی بۆ هەردوو فاکتۆری ناخۆیی و دەرەکی کرد کە بوونە هۆکاری ڕووخانی کۆماری کوردستان.

باسی دووهەمی سیمینارەکە، لەلایەن بەڕێز خەیاتی لەژێر سەردێڕی ” ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کامە بێ مافی، کامە ستراتیژی ڕزگاری؟ – خوێندنەوەیەکی تیئۆریک” پێشکەش کرا. کڕۆکی باسەکەی خوێندنەوەیەکی زانستیانە بوو لەژێر تیشکی ڕەخنەی سیاسیدا بۆ باروودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ئێنیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە پشت بەستن بە بەڵگەگەلێک هەموو ئەو لایەنانەی ڕوونکردەوە کە چۆن بەشێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر سڕینەوەی شووناسی کوردبوون کراوە و لە بەرئەنجامە نەرێنییەکانیشی دوا. لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە کوردستان کۆڵۆنیالیزە کراوە و ڕووبەڕووی پاکتاوی نەژادی بۆتەوە، بۆیە تەنانەت فیدڕاڵیشی لەباشترین حاڵەتدا لە چوارچێوەی وڵاتێک بەناوی ئێراندا پێ پەسەند نەبوو و لەو باوەڕەدا بوو کە تا ئەوکاتەی خاک و هاوڵاتی نەبنە خاوەن سەروەری ئەوا سەروەری سیاسی وەدەست نایەت، بە نموونە هێنانەوە لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە و تەنانەت چەندین تیئۆریسیۆنی سیاسیی دیکەی جیهانی، بەو ئاکامە گەیشت کە دەبێ گوتاری دەوڵەت نەتەوە و تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون لەدەست کۆڵۆنیاڵ (ئیستیعمار) ببێتە ستراتیژی نوێی خەباتمان. لەو ڕاستایەشدا بە بایەخەوە ڕوانییە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و هیواخوازی زیاتر سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی بۆ ئەو شێوە خەباتە خواست.

لەبڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکەدا بەڕێز کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید چەند وتەیەکی لەسەر ژیانی سیاسی و کەسایەتی شەهید عەبدولڕەزا کەریمی پێشکەش کرد. لە وتەکانیدا وەک شۆڕشگێڕێکی دڵسۆزی ڕێبازی دێموكڕات و سیاسەتمەدارێکی شارەزا و سەرکردەیەکی خۆنەویست یادی لێکرد و خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی بەرز نرخاند.
دواتر لەلایەن هاوڕێ ڕێناس پەیامی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە وڵاتی سوید خوێندرایەوە کە نوێنەرایەتی ١٧ هێز و لایەنی سیاسی چوار پارچەی کوردستان دەکات لە وڵاتی سوید.

لە بڕگەیەکی دیکەدا بەڕێز و تێکۆشەر کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی چەند وتەیەکی لەسەر کۆماری کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکرات لەقۆناخی دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا پێشکەش کرد و بە هەڵوەستەیەک لەسەر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتیش گرنگی و بەردەوامی ئەو خەباتەی بۆ بەشداران شیکردەوە.

دوابەشی سیمینارەکە تەرخان کرا بۆ پرسیار و بۆچوونی ئامادەبووان کە دواتر لەلایەن هەردوو کۆڕگێرەوە وەڵامیان درایەوە. دوای سێ سەعات سیمینارەکە بە سروودی شەهید کۆتایی پێهات.

 

بە سوپاسەوە/

کۆمیتەی ستۆکهۆڵم – حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران

٩ی ئاپریلی ٢٠١٧ی زایینی

١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی