ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە سەری ساڵی نوێی کوردی و نەورۆزی جامانەکان لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوید.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱٨ی مارسی ۲۰۱۷ی زایینی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئێسکیلستونا بە هاوکاری یەکێتییەکانی لاوان و کوردانی ئەو شارە، بۆ ڕێزگرتن لە سەری ساڵی نوێی کوردی و نەورۆزی جامانەکان، شەوە ئاهەنگێکی بۆ کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و دەورووبەری بەڕێوە برد.

سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” لەلایەن گروپی یەکێتی لاوانی دێموکرات لەو شارە و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ” عارف عەزیزی” بەم شێوەیەی خوارەوە ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد.

کردنەوەی شەوە ئاهەنگەکە و پێشکەش کردنی وتەیەک لەلایەن ڕێزدار حەسەن زارعی کەسایەتی ناودار و پێشمەرگەی دێڕینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پەیامی هاوبەشی کومیتەی حیزب و یەکێتی لاوان و کوردانی شاری ئێسکیلستونا لەلایەن کاک حەبیب بەهرامی بەرپرسی کومیتەی حدکا لەو شارە، بە بۆنەی نەورۆزی جامانەکان و سەری ساڵی نوێی کورد خوێندرایەوە.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ شەرمەزار کردنی ئەنجامدەرانی شیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید و هاوکات ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان و لێقۆماوانی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیە، پارچە شیعرێک لەلایەن ” عارف عەزیزی”یەوە پێشکەش کرا.

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە وەک هەمیشە تەرخان کرابوو بۆ بەزمی شادی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کە زۆرینەیان بە جلوبەرگی جوان و ڕەسەنایەتی کوردی و جامانەوە بەشدارییان کرد بوو دەستی پێکردو، لەلایەن ” ڕزگار بەهرامی”یەوە بە شێوەی ” دی جێ” بەڕێوە چوو.

جێگای ئاماژەپێدانە کە لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی هەست بزوێن لە سەر نەورۆزی جامانەکان و سەری ساڵی نوێی کوردی لەلایەن کۆمەڵێ ژن و پیاوی بەساڵاچوو و کچ و لاوی دەنگ زوڵاڵی بەشدار لەو شەوە ئاهەنگەدا پێشکەش کرا.

شایانی باسە لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا، چەندین شیعری تایبەت بە نەورۆز و سەری ساڵی نوێی ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن ” عارف عەزیزی” وەک بەڕێوەبەری بەرنامە خوێندرانەوە.

کاتژمێر ۱۲ی شەو ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی ” کوردستان” لەلایەن لاوی دەنگ خۆش ” حوسێن ئەسپەری” کۆتایی پێهات.

 

۱٨ی مارسی ۲۰۱۷ی زایینی،

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئێسکیلستونا،