به‌رزڕاگرتنى رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە سوئێد

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری یۆتۆبۆری رۆژی شەممە رێکەوتی 2019/12/21 رێوڕەسمێکی بە شکۆی بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و ئەندامان و لایه‌نگرانی حیزب و کوردانی تاراوگه و به‌رپرسی ئیسکاندیناوی حیزب کاک سلێمان که‌له‌شی و کاک مه‌ولوود عه‌بدیلزاده به‌رپرسی کۆمیته‌ی گشتیی له سوئێد و کاک عه‌زیز مورادپه‌ره‌ست به‌رپرسی رێکخستنی حیزب له‌و وڵاته‌ بەرێوەبرد.

سەرەتای رێورەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و خووله‌كێک بێده‌نگی بۆ شه‌هیدان دەستی پێکرد و پاشان پێشکەشکاری بەرنامە كاك “سامان قادری” بەخێرهاتنی بەشداران و مێوانانی رێوڕەسمەکەی کرد و پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگە و شەوی یەڵداى له‌دایکبوونی رێبەری نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی حیزبەکەمان شه‌هید د. قاسملووى لە بەشداران کرد.

پەیامی کۆمیتەی حیزب لە لایەن بەڕێز “سیرووس رەئوفی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری یۆتۆبۆری بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستانه‌وه‌ پێشکەش کرا.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا لەوحی رێزلێنان پێشکەش بە کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات کرا کە بەشێکی جەستەیان لە رێگای رزگاری و ئازادیی گەلەکەیان بەخشیوە و ئێستا لە شاری یۆتۆبۆری نیشتەجێن.

لە درێژەدا گوڵی رێزلێنان پێشکەش بە پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان کرا کە چەندین ساڵ لە ریزی پێشمەرگەی کوردستاندا خزمەتیان بە نیشتمانەکەیان کردووە و ئێستاش له‌ ریزی دڵسۆزانى خاك و نه‌ته‌وه‌ و رێبازی حیزبدان. هه‌روها گوڵی رێزلێنان پیشکه‌ش به کاک فازل سادقی ئه ندامی حیزب کرا به‌بۆنه‌ى هه‌ڵگرتنی فیلم و وێنه له رێوڕه‌سمه‌کانی کۆمیته‌ی شاری یۆتۆبۆری .

رێورەسمەکە لە نێو کۆڕی گەرمی شادی و هەڵپەرکێ و پێشکەشکردنی گۆرانی له‌لایەن هونەرمەندانی بەشدارەوە کۆتایی پێهات.