ساڵیادی كۆچی مەنسوور پیرۆتی بە تاجەگوڵینە كرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەم رێكەوتی 2019/12/18 كه ساڵڕۆژی كۆچی دوایيی کاک مەنسوور پیرۆتی پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران بوو سەردانی گڵكۆی كرا. لەو سەردانەدا كە تێیدا كۆمیتەی حیزب له شاری ستۆكهۆڵم وێڕای هاوڕێ و دۆستانی كۆچكردوو و بنەماڵەكەی واته هێلین خانم و تاقانه کوڕەكەی بەشدار بوون، سەردانی گڵكۆی کاک مەنسووریان كرد.


هاوڕێیانی كۆمیتەی ستۆكهۆڵم تاجه گوڵی رێز و وەفایان لەسەر گڵكۆی شەهیدی دوورەوڵات دانا.


عەباس یاری، بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە ستۆكهۆڵم لەوبارەوە قسەی كرد و وێڕای باسی كەسایەتیی كاك مەنسوور و ورەی بەرزی، وەك نموونە باسی وەفاداریان بە حیزب و نیشتمان كرد و بنەماڵەكەی دڵنیا كردەوە لەوەی كەسانی وەك كاك مەنسوور لە یاد و چاوی دیمۆكرات هەردەم مەزن دەمێنن.

هەروەها لەلایەن بەرپرسی كۆمیتەی ستۆكهۆڵمەوە پەیامی كۆمیتەی گشتیی رادەستی بنەماڵەكەی كرا كە تێیدا باس لە ئەمەكناسیی حیزب بۆ بنەماڵەكەی كراوە.