شاندێکی حیزبی دێموکرات و پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئید كۆبوونەوە

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 9/12/2019 لە شاری یۆتۆبۆری شاندێکی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئید-هەرێمی یۆتلاند، بانگهێشتی کومیتەی حیزبێ دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری یۆتۆبۆری کرد.

شاندی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئید پێکهاتبوو لە بەڕێزان ” ماتیاس یانسۆن بەرپرسی سۆسیال دێموکرات لە هەرێمی یۆتالاند، پارلە مانتکار، ئەندامپەرلەمانی سوئید، دیاکۆ شێخ ئاغایی، بەهرە ساڵح و رۆگرۆ بۆتانسۆن”. شاندی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە بەڕیزان : سیروس رەئوفی بەرپرسی کۆمیتە، کەریم حاجی رەسوڵی و بونیاد جەلالی.

لە دەسپێکی دانیشتنەکەدا ماتیاس یانسۆن باسێکی گشتی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی پارتی سۆسیال دێموکرات کرد و بە بایەخەوە باسی لە پرسی کورد و رووداوەکانی پەیوەست بە میلەتی کورد کرد. لە درێژەی باسەکانی دا جەختی لەسەر هاوکاریی دوولایەنەی پارتەکەیان و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی سیاسی چالاک لە شاری یۆتۆبۆری کردەوە و داواکار بوو بۆ زیاتر برەودان بە هاوکاریی نێوانیان.

لە نێوەرۆکی دانیشتنەکەدا لە لایەن سیروس رەئوفی سپاس و پێزانینی کۆمیتەی حیزبی بۆ ئەو بانگهێشتە پێشکەش بە شاندی خانەخوێ کرد. لە درێژەدا، هاوڕێ بونیاد جەلالی بەوردی دوایین رووداوەکانی پەیوەست بە پرسی کورد بە گشتی و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەرباس و داواکاربوو کە پارتی سۆسیال دێموکرات، بە لەبەرچاوگرتن بە پێگە و دەسەڵاتیان گرینگی زیاتر بە پرسی کورد بدەن و هەوڵ بدەن رەفتارە دژی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارلمانی سوئید و ناوەندە نێونەتەوەییەکان زیاتر زەق بکەنەوە و کردەوە تیرۆریستیەکانی رێژمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ئیدانە بکەن.