پەیامی لیژنەی ناوچەی سویدی پارتی دیموکرات بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لێژنەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان لە سوئێد پەیامێكی پشتگیری لە شۆڕش و سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی كوردستان دژی رێژیمی تیرۆریستیی كۆماری ئیسلامی بڵاو كردووەتەوە كە ئەوە دەقەكەیەتی:

مێژووی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلەکەمان کە بەخوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرز نووسراوەتەوە ، سەلماندوویەتی کە تاکە چەکی بەهێزی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان یەکگرتن و یەکڕیزی ماڵی کوردە ، هەرکاتێکیش کورد یەکگرتوو بووبێ ، دەسکەوتەکان زیاتر بوونە و دوژمنانیش هەمیشە شکستیان هێناوە ، جێی خۆشحاڵیە کە ئەمڕۆ لەو بارودۆخە ناسک و هەستیارەدا کورد لەڕۆژەهەڵاتی کوردستان بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە لە ئێران ڕوودەدات یەک هەڵوێست و یەکدەنگن ، پێکهێنانی ناوەندێکی هاوکاری حیزبەکانی ڕٶژهەڵاتی کوردستان ، بەرەی کوردستانیمان دەهێنێتەوە یاد کە لە ڕاپەڕینێکی وەک ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، ئەمڕۆی باشووری کوردستانی لێهاتە بەرهەم کە خۆی لە سیستێمێکی حوکمی فیدرالی دەبینێتەوە ، گەر هەندێ هۆکاری نەخوازیار نەبوایە ، ئەوە لەسەروبەندی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەبووین .

ئەمڕۆ ڕۆژی کوردایەتیە و ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلەکەمانە ، پێویستە لەهەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا ، حیزب نەکرێت بەئامانج و ڕووداوەکانیش بەحیزبی نەکرێن ، بەڵکو حیزب ڕێبازێک بێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجا نەی کە هەموو خەڵکی کوردستان خەونی پێوە دەبینێ ، هیوادارین ناوەندی هاوکاری پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئاست ئەو بەرپرسیارەتە مەزنەدا بن و کوردایەتی بکەن بەهزری ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرخودان و وەک چەترێک هەمووی لەبندا کۆببێتەوە .

ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ خواست و ویستی هەموو پارچەکانی کوردستانین ، ئەمڕۆش دڵمان لە ڕۆژهەڵاتە و دەنگیشمان دەخەینە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژ بەداگیرکەران بەرز دەبنەوە و هاواری کوردستانێکی سەربەخۆ دەکەن ، هەموو ئەو توندوتیژیانەی ڕژێمی ئێرانیش کە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ مەحکووم و سەرکونە و ڕیسوا دەکەین ، ، دەبێ دوژمنانی گەلەکەمان ئەوە چاک بزانن کە بە شەڕ و کوشتن و بڕین و چەکی قەدەغەکراو کورد لەناوناچی و کێشەی کوردیش چارەسەر ناکرێ ، بۆیە باشترین ڕێگا زمانی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە ، چونکە کوردیش وەک هەموو گەلانی ئەو دونیایە مافی خۆیەتی بریار لەچارەنووسی خۆی بدات و ببێتە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ .

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینەکەی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان

لیژنەی ناوچەی سویدی پــارتی دیموکــراتی کوردســتان 2019-11-23