كۆمیتەی گشتی: سپاسی بەجێگەیاندنی ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیتان دەكەین

كۆمیتەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سوئێد بەبۆنەی بەشداريی چالاكانەی ئەندام، لایەنگران و دۆستانی حدكا لە خۆپێشاندانەكانی پشتگیری لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان سپاسنامەیەك بڵاو دەكاتەوە.

لە رێگەی ئەم پێزانینەوە، سپاسی سەرجەم ئەوانە دەكەین كە بە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان هەستاون و بەشداربوونە لە زنجیرە خۆپێشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو لە شارەكانی ستۆكهۆڵم، یۆتۆبۆری و كاڵمار كە بۆ پشتگیری لە راپەڕینی رۆژهەڵات ساز كرابوون، بەتایبەت كە بەشداران وەڵامێكی جەماوەرییان بە بانگەوازەكەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بۆ ئەو چالاكییە داوەتەوە.

كۆمیتەی گشتیی حدكا لە سوئێد لەگەڵ ئەوەی پێیوایە دەكرا بەهاوكاری و هاوئاهەنگیی هەمەلایەنە باشتر و خێراتر ئەو چالاكییانەی بەڕێوە بچن، بەڵام كاریگەری و دەنگدانەوەی خۆپێشاندانەكان و ئاستی بەشداران بە گەواهی سەركەوتنی هەمووان دەزانێ و سپاسی تاك بەتاكی ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حدكا و سەرجەم ئەوانە دەكات دڵیان بۆ ئازادی و رزگاریی نەتەوەیی لێدەدا و ئەركی نەتەوەیی، نیشتمانی و حیزبیی خۆیان بەجێگەیاندووه.

كۆمیتەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران – سوئێد 2019/11/25