کۆمیتەی هاوکاریی هێزە كوردییه‌كان به‌به‌شداریی نوێنه‌ری حیزب كۆ ده‌بێته‌وه‌

پاش نیوه‌ڕۆی شه‌ممه‌ 2019/11/23 هێزه‌كانی كوردی و كوردستانى له‌ سوئێد كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی به‌ست كه‌ تێیدا باسی دۆخی کوردستانیان کرد و لە سەر داوای بەشداران كۆبوونه‌وه‌كه‌ بە پرسی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەستی پێکرد.

چیای عەلیار بە نوێنەرایتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دوا پێشهاتەکان و خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری بە بەشداران دا و بۆچوونی حیزبی دێموکڕاتیان خسته‌ به‌رباس.

پاشان لایەنە سیاسیەکان لەو پێوەندییەدا هێندێک پرسیاریان کرد و داوای بۆچوونی حیزبی دێموکڕاتیان کرد کە لەلایەن نوێنەری حیزبەوە وڵامی پێویست درانەوە.

عەلیار لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی حیزبی دێموکراتی بە کۆمیتەی هاوکاری و لایەنەکانی بەشدار ڕاگەیاند کە پاڵپشتی کوردانی ڕۆژهەڵات بوون و بە بەشداریی خۆیان و بەیاننامە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان دەربڕیوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس و خواست لەسەر ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردوستان كرا و دوا پێشهاتەکان گه‌نگه‌شه‌ كران و کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیەکان بەرنامەی کاری داهاتووى خۆی داڕشت.