خۆپێشاندان بۆ پاڵپشتی له‌ خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی رۆژهه‌ڵات به‌رده‌وامه‌: یۆتۆبۆری

رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٣/١١/٢٠١٩ ی زائینی، رێپێوانێکی بەرین بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستان‌ و سەرانسەری ئێران لە شاری یۆتۆبۆری بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەم شارە بەرێوەچوو.

لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران کۆماری ئیسلامی بە تووندترین شێوە دەستی دایە سەرکوتکردنی دەنگ و داخوازیەکانی ئازادیخوازان لە سەرجەم شار و ناوچە راپەڕیوەکان، بەهۆی تووندوتیژی بێرەحمانە و تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی لە سەرانسەری ئێران و زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستبەجێ و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی هەوڵی رێکخستنی خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری یۆتۆبۆری دا و لە زووترین کاتدا بە بەشداری هێزە سیاسیەکانی شاری یۆتۆبۆری بڕیاریان دا کە خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرین بەڕێوە ببەن و بە زووترین کات “کۆمیتەی پشتیوانی ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران ” یان پێک هێنا.

جێگای ئاماژەپێدانە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری و رۆڵی بەرچاویان لە بەرێوەبردن و رێکخستنی ئەم رێپێوانەدا هەبوو.

رێپێوان لە “یۆتاپلاتسێن” بەرەو ناوەندی شاری یۆتۆبۆری بە رێژەیێکی بەرچاو و وتنەوەی درووشمی رووخانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرێوەچوو.

بە گەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ ناوەندی شاری یۆتۆبۆری و کۆبونەوەکەیان بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستپێکرد، پاشان پەیامی “کۆمیتەی پشتیوانی ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران ” لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەو كۆمیتەوە پیشکێش بە خۆپیشاندەران کرا.

پاشان پەیامی هەریەک لە ناوەندنی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چەند لایەنی تر لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا خوێندرایەوە.
پاش سێ کاتژمێر لە رێپێوان و وتنەوەی درووشم و سروودی نیشتمانی، گردبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.