گه‌وره‌ خۆپیشاندانی پشتگیری له‌ شۆڕشی رۆژهه‌ڵات له‌ ستۆكهۆڵم

راپـۆرت/ لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2019/11/23 ده‌مژمێر 9 بۆ 11 ـی پێش نیوەڕۆ، کوردستانیانی تینووی ئازادی و دەرکراو لە خاکی نیشتمان بە تایبەتی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم کۆبوونەوە و لەژێر ئاڵای کوردستاندا هاواری “یەکێتی نیشانەی سەرکەوتنمانە” و دەنگی خۆیان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشتی بەرز کردەوە و هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی زۆڵملێکراوی ئێران بە گشتی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانى بەتایبەت دووپات کردەوە.

ئەم خۆپێشاندانە بە بەشداری چەندین حیزب و رێکخراوی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین کەسایەتی سیاسىی کورد و ئێرانی و سوێدی و هەروەها چەندین دەزگای راگەیاندن و رۆژنامەنووس بەرێوە چوو.

بەشێک لە هاونیشتمانیانی ئێمە لە شارەکانی دوورەوە خۆیان گەیاندە ستوکهوڵم و ئەرکی نیشتمانیان بەجێ گه‌یاند.

سەرەتای ڕێورەسمەکە بەخوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و خوولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی کوردی لەلایەن سالار ئاشناگەر و بە زمانی سوێدی لە لایەن سۆزان فەتحی خوێندرانەوە.

دواتر لەگەڵ نێوئاخنی سروودی شوڕشگێری پەیامی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کورد و کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکێش کرا. پارتی دێموکراتی کوردوستان (لێژنەی سوئێد) پەیامی پشتیوانیان پێشکێشی بەشداران کرد. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال لە لایەن ناسر بولیدەییەوە چەند وتەیەکی پێشکێش کرد.
کایا ئیزۆل سەرۆکی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکانی سوئێد پەیامی پشتیوانی فدراسیۆنی خوێنده‌وه‌.
پاشان پارچە شیعرێک لەلایەن خاتوو ناهید حوسێنیەوە پێشکێش کرا. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەیامی پشتیوانی خۆیان پێشکێش کرد. سازمانی دێموکراتیکی یارسان لەوبارەوە وتاریان هه‌بوو. لاوانی حیزبی سوسیال دێموکڕاتی سوئێد پەیامی پشتیوانی خۆیان خوێندەوە.

لە بڕگەیەکی دیکە دا دوو پارچە شیعر لە لایەن مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی و حەمید شەریفی خوێندرانەوە.
لە دوای ئەو فردریک ماڵم پاڕڵمانتاری دۆستی کورد لە حیزبی لیبڕاڵەکانی سوئێد پشتیوانی گەرمی خۆی و پارتەکەی بۆ شۆڕشی رۆژهه‌ڵات دووپات کردەوە.
پاشان ئامینە کاکەباوە ئەندامی پێشوی پاڕڵمانی سوئێد لەوبارەوە وێڕای پشتیوانی، رەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵه‌تی سوئێد گرت کە لەوبارەوە کەمکاری کراوە.

لە کۆتای بەرنامەکەدا خاتو ئارێز محەمەدی بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سوئێد سوپاسی بەشداریی گەرمی کوردانی سوئێدی کرد و یەکێتی و یەکڕیزیی کورد و لایەنەکان دووپاته‌ی لەسەر کراوە. ئەو ڕێورەسمە کاتژمیر یازدەی بەیانی به‌کۆتا هات.