ستۆكهۆڵم: بە ئاڵای كوردستان پشتگیریی شۆڕشی رۆژهەڵات كرا

ئەمڕۆ شەممە 2019/11/23 پێش نیوەڕۆ خۆپێشاندانێكی گەورە و بەربڵاو بۆ پشتگیریكردنی شۆڕشی كوردی رۆژهەڵات و گەلانی تری ئازادیخواز دژی رێژیمی كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو كە تێیدا دووپاتی هاوسۆزی بۆ شەهیدان و قوربانییانی ئەم راسانە بەرینە كرایەوە.


سەرەتای چالاكییەكە بە سروودی ئەی رەقیب و خوولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئازادی و رزگاری دەستی پێكرد. دواتر پەیامی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەو بۆنەوە خوێنرایەوە و تێیدا جەخت لە یەكبوونی هێزەكانی دژی رێژیم و دوژمن كرایەوە هاوكات داوا لە ناوەندە ناودەوڵەتییەكان كرا بە هانای شۆڕشی كوردەوە بچن.


ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، بەشداریی خۆپێشاندەران بە ئاڵای كوردستانە كە نیشانەی زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی بەسەر چالاكییەكەدا بوو.

حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لەسەر ئاستی كۆمیتە و ئەندامان و لایەنگرانییەوە لە كۆمیتەی سوئێد بەشدارییەكی بەرچاوی لەم خۆپێشاندانەدا هەبوو و كۆبوونەوەی ژمارەی زۆری كوردان و سەرجەم لایەنەكان و كەسایەتییەكان لەم بۆنەیەدا بەرز دەنرخێنێ.