نوێنەری حیزب بەشداریی سێمیناری پشتگیری لە رۆژئاوای كوردستان دەكا

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە رێكەوتی 2019/11/17 لەسەر ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و بە مەبەستی هاوکاری و پشتیوانیی لایەنەکان بۆ دۆخی هەنووكەی ئەو بەشەی وڵات، سێمینارێك لە شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوەچوو.

لەو سێمینارەدا كە لەلایەن “پلاتفۆرمی رۆژئاوا” سازكرابوو، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حدکا لە سوئێد چیای عەلیار بانگهێشت و بە نوێنەرایەتیی حیزب بەشدار بوو.

سێمینارەکە سێ تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتبوو. سەرەتا لە لایەن ئایدار خەلیل لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە هەندێک زانیاریی تازەی لەسەر دۆخی ئێستا پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

تەوەری دووهەم پانێلی نوێنەرایەتیی حیزبەکانی تری کوردستان بوو كە تێیدا چیای عەلیار دەستپێکی قسەکانی بەباسێکی کوورت لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو دۆخە هەنوکەیییەی رۆژانی رابردوو و شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان و جوانڕۆ و مەریوان و سنە دەستپێکرد.

عەلیار لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی هەمیشەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی حەفتا ساڵەیدا بەردەوام پشتیوانیكردن لە هەموو پارچەکانی کوردستان و خاکی کوردستان بووە و هەر بەو ئاراستەیەدا حیزب لە سوئێد پشتیوانی لە چالاکییەکان بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکا .

پانێلی کۆتایی تایبەت بوو بە بەشداریی هەندێک کەسایەتیی سیاسی و ئەکادێمی کە لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.