تێزی دكتۆرای ئەمریكاییەك لەسەر حیزبی دیمۆكرات بە پلەی نایاب پەسند كرا

له‌ ئامریكا و له‌ زانستگای به‌ناوبانگی “جۆرج مه‌یسۆن”، تێزی دوكتورای “چارلز ده‌ڤیدسۆن” له‌سه‌ر حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، به‌ پله‌ی نایاب قبووڵ كرا.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی خەزەڵوەر، دوکتور چارلز ده‌ڤیدسۆن پاش دوو ساڵ كاری به‌رده‌وام و وتووێژ، له‌ ئاكامدا له‌ زانستگای جۆرج مه‌یسۆن، له‌ ده‌ڤه‌ری واشنتۆنی پێته‌خت، تێزی دوكتوراكه‌ی قبووڵ كرا.

سه‌رەتا مامۆستایانی ئاماده‌بوو كه‌ سێ كه‌س بوون، داوایان له‌ چارلز كرد كه‌ داكۆكی له‌ تێزه‌كه‌ی بكات.

دواتر ناوبراو ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك كاتژمێر باسی له‌ چۆنیه‌تیی بیرۆكه کەی‌ كرد و له‌و‌ نێوه‌دا سپاسی هاوكارییه‌كانی حیزبی دێموكراتی كرد. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ساڵی ٢٠١٧ ئاشنا بە كورد و خەباتی حیزبی دیمۆكرات بووە و بیرۆكەكەی لەلا گەڵاڵە بووە.

چارلز باسی له‌ مێژووی خه‌باتگێڕانه‌ی حیزبی دێموكرات كرد و وتی كاری مه‌یدانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ وای لێكردم كه‌ باوه‌ڕ بێنم كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات‌ هاوپه‌یمانی ڕۆژئاوان و بایه‌خ به‌ پرسه‌كانی ئازادی، به‌رابه‌ری، مافی مرۆڤ و ژینگه‌ ده‌ده‌ن.

ناوبراو بۆ نووسینی تێزی دوكتوراكه‌ی زیاتر له‌ ٢٠٠ كه‌س له‌ ئه‌ندام، لایه‌نگر، دۆستان و شاره‌زایانی سیاسه‌ت و مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی لە ئامریکا، ئورووپا و بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ باشووری كوردستان دواندبوو.

دوکتور چارلز حیزبی دێموكراتی به‌ حیزبێكی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه‌ ناو برد.

چارلز له‌ داكۆكییه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ حیزبی دێموكرات خاوه‌نی ڕێکخستنی به‌هێز و میكانیزمی دێموكراتیكی به‌ڕێوه‌بردنه و خه‌ڵكی كورد له‌ ده‌ره‌وه ‌و نێوخۆوە به‌ قووڵی باوه‌ڕیان پێیه‌تی و به‌ سه‌رمایه‌ی خۆیانی ده‌زانن‌.

ناوبراو له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی كاریگه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌سه‌ر شوناس و ناسنامه‌ی خه‌ڵكی كورد كرد و كولتووری نه‌ته‌وه‌ی كوردی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتوو وه‌سف كرد.

دواتر لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی تێزه‌كه‌ پاش بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ به‌ تێكڕای ده‌نگ، بڕیاریان دا كه‌ تێزه‌كه‌ قبووڵ بكه‌ن و به‌م جۆره‌ چارلز پاش دوو ساڵ كاری به‌رده‌وام و سه‌فه‌ری وڵاتانی دوره‌ده‌ست، پله‌ی دوكتورای به‌ده‌ست هێنا.

ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی و سپاسی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كرد و ڕایگەیاند، “وه‌كوو دۆست و پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و حیزبی دێموكرات ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌رچی له‌ده‌ست بێت بۆ یارمه‌تیدانی خه‌باتی كورد و حیزبی دێموكرات، ئه‌نجامی ده‌دات‌.

بێگومان ئه‌م تێزه‌ یارمه‌تی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرسی كورد له‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر بناسرێت و هه‌روه‌ها تێزه‌كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌كه‌یه‌كی زانستیی باوه‌ڕپێكراو بۆ لێكۆڵه‌ران و خوازیارانی زانیاری كۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و خه‌باتی حیزبی دێموكرات.

کوردستان میدیا