لاوێكی دیمۆكرات ئاستی پێوانه‌یی بۆ گه‌وره‌ترین باقلاوه‌ی جیهان تۆمار ده‌كا

رۆژی ٢٦/١٠/٢٠١٩ لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوێد و لە رێوڕه‌سمێكی تایبەتدا و بە بەشداریی سەدان کەسی کورد و غەیرە کورد و بەشێک لە بەرپرسانی پارێزگای ڤێستمانلاند و میدیاکاران، لاوی كوردی بە توانا “کەیهان دەروێشی” توانی ئاستی پێوانه‌یی له‌ درووستكردنی شیرینیی باقلاوا لە جیهاندا به‌ناوی خۆی تۆمار بكا، کە ئەو شیرینیە بە درێژایی ٨ مه‌تر و پانیی ٥/٥مه‌تر و كێشی ٧٢٤ کیلۆگرام بوو.
براوەی پێشووتری سالی ٢٠١٨ی بۆ ئەم شیرینیە کەسێکی بە رەگەز تورک بوو کە لە شاری ئانکارا بە كێشی ٥١٣ کیلۆ گرامی له‌ ئاستی جیهان بەناوی خۆی تۆمار کردبوو.


کەیهان دەروێشی، ئەندامی یەکێتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی ئەم نازناوە جیهانییەیە. جێگه‌ى ئاماژه‌دانه‌ داهاتی ئەم شیرینیە گەورەیەی جیهان دەدرێت بەو ئافرەت و منداڵە بێ سەرپەرستانەی کە ژیانیان لە ژێر هەڕەشەی تانك و گرووپە تیرۆریستییه‌كانی جیهاندان. به‌شێك له‌وانه‌ی سوودمه‌ندی داهاتی ئه‌و شیرینییه‌ ده‌بن کوردانی رۆژئاوای کوردستانن کە ئێستا کەوتوونەتە ژێر هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک.

جێگه‌ی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵانی رابردووش کەیهان کەمپەینێکی بە ناوی Defendkurdistan لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند کە بە هەزاران تیشێرت لە وڵاتانی جیهان فرۆشران و هەروەها پێکهێنانی پێشبڕكێكانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی وڵاتی سوێد کە داهاتی ته‌نیا یەک رۆژی یارییه‌كان نێزیکه‌ى ١٧ هەزار دۆلار بوو و کۆی ئه‌و داهاته‌ و داهاتی کەمپەینەكه‌ش درا بە بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵە کەمداهاتەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپە جۆراوجۆرەکانی باشوور بەبێ جیاوازیی سیاسی، کە دیارترینیان کڕینی به‌رگی قوتابخانه‌ و پێداویستیی خوێندن بوو بۆ ٤٠٠ منداڵ و هاوکاریی نەخۆشخانەی ئازادی لە کۆیە. هه‌روه‌ها کەمپی پەنابەرانی دۆمیز لەو هاوکارییانه‌ فه‌رامۆش نه‌كران.

کەیهان دەروێشی له‌دایكبووی نه‌ورۆزی ١٩٩٢ له‌ بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی مەرگەوەری ورمێیه‌. کەیهان کوڕی عەتا دەروێشی و پەریخان مێهفەر و نەوەی شەهید مامۆستا مەلا ئەحمەد دەروێشی یە. کەیهان خاوەنی بەشێک لە پشكه‌كانی کۆمپانیای Proffas لە شاری ڤێسترۆسە، کە چەندین بەشی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێ و ئێستا خاوەنی کۆمپانیایەکی دیکەیە بە ناوی Offertval لە سوێد. پێویستە بگۆترێ بە هۆی ئەو دوو کۆمپانیایەوە دەیان کەس ده‌رفه‌تی کاریان بۆ ره‌خساوه‌ و وەک کارمەند لە کۆمپانیاکانی ناوبراو دامەزراون و کار دەکەن.
كۆمیته‌ى گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ سوێد وێڕای پیرۆزبایی له‌ كه‌یهان ده‌روێشی، هیوای سه‌ركه‌وتن له‌ كار و پڕۆژه‌كانی ده‌خوازێ و وه‌ك سه‌رمایه‌ی گه‌ل و نیشتمان شانازی به‌هاوشێوه‌كانی ده‌كا و هێڤیداره‌ نموونه‌ی زۆر بی.