لێپرسراوی گشتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پرۆفیسۆر عیزەدین رەسووڵ دەكا

“مستەفا هیجری”، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر”عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ”، پەیامێكی پرسە و سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز/ خاتوو ڕووناک، هاوژینی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ

ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا

بەداخ و کەسەرێکی گرانەوە ئاگادار کراین، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ، دۆستی دێرین و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەگشتی و شەهید دوکتور قاسملوو بەتایبەتی، کۆچی دوایی کرد.

پڕۆفیسۆر عیزەدین ساڵی ١٩٣٤ی زایینی لە سلێمانی لەدایک بووە، لە ماوەی ٨٥ ساڵ تەمەنی پڕدەسکەوتی، خزمەتێکی زۆری بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان، بەتایبەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە.

بە ئاوڕدانەوە بە ژیان و بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆر عیزەدین، ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەمان بۆ دەردەکەوێت کە کوردستان و کورد کەسایەتییەکی وەها مەزنی تێدایە کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی لە سەرووی خواستەکانی ژیانەوە دادەنێن.

پڕۆفیسۆرعیزەدین بە خەرمانێک لە بەرهەمەکانی کە زیاتر لە ٩٠ کتێب و نامیلکە بە شێوەی نووسین، توێژینەوە و وەرگێڕان تۆمار کردووە، زۆرترین خەمی شوناسی نەتەوایەتیی بووە و وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پاراستن و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدەستدانی ئەو دۆستە بەوەفایە بە خەسارێکی گەورە دەزانێت و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی هاوژین، بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێت و هیوای سەبوورییان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

١١ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی

٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی