له‌یادی شه‌هیدانی میكۆنوسدا گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی سیاسی له‌ ستۆكهۆڵم به‌ڕێوه‌ چوو

شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2019/09/21 به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی حیزب و له‌ یادی 27ـمه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدانی میكۆنوسدا سێمینارێكی سیاسی له‌ ستۆكهۆڵم به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستی بۆ ئێسته‌ و داهاتووی كورد له‌ ئێران كرا.

پاش سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب و خووله‌كێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، پەیامی كۆمیتەی گشتيی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سوئێد لەلایەن مه‌ولوود عه‌بدیلزاده‌ به‌رپرسی كۆمیته‌ خوێنرایەوە كه‌ تێیدا ئاوڕێكی مێژوویی له‌ شه‌هیدانی به‌رلین داوه‌ و ریسوابوونی زياترى رێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌هۆی تیرۆری د.سه‌عید و هاوڕێیانی له‌ كاره‌ساتی میكۆنوس بۆ ئاماده‌بووان روون كرده‌وه‌.

دواتر، په‌یام و برووسكه‌ی هێز و حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ ساڵیادی شه‌هید د. سه‌عید و هاوڕێیانی خوێنرانه‌وه‌ و نوێنه‌ری حیزبی سۆسیال دیمۆكراته‌كانی سوئێد راسته‌وخۆ په‌یامێكی بیرهێنانی شه‌هیدانی پێشكێش كرد.

ئەو حیزب و لایەنانەی پەیام و برووسكەیان ناردبوو بریتین بوو لە: پارتی دێموکراتی کوردستان لێژنەی ناوچەی سوئێد، یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستان له سوئێد، کۆمیتەی هاوکاريی هێزە سیاسییەکانى کوردستان لە سوئێد، حیزبی سوسیالیستی کوردستان “باکوور” لە سوئێد و هه‌روه‌ها فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوئێد كه لەلایەن كۆمیتەی گشتییەوە سپاسی هەموویان كرا.

سێمیناره‌كه‌ له‌ شێوه‌ی گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان د. ئیدریس ئه‌حمه‌دی شاره‌زای سیاسی و ئه‌كادیمیسیه‌نی كورد و هه‌ره‌وه‌ها د.خالید خه‌یاتی شاره‌زای سیاسی له‌ كۆڕێكی كراوه‌دا باسیان له‌ ره‌وتی ئێسته‌ی رووداوه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین كرد و له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی كورد بۆ ئێسته‌ و داهاتوو ورد بوونه‌وه‌.

ئه‌حمه‌دی به‌ جوانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكای شیكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی ئێسته‌ى واشنگتۆن به‌رامبه‌ر ئێران كرد و روونی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ كورد پێویستی به‌ لێكگه‌یشتن و هاوئاهه‌نگیی ناوه‌خۆیی هه‌یه‌ تا بتوانێ له‌ گۆڕانكارییه‌كاندا سوودمه‌ند بی.
هاوكات د. خه‌یاتی شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی بۆ گرینگیی شوناسی كوردی كرد و به‌ پێویستییه‌كی گرینگی ناو برد تا كورد بتوانێ پێگه‌ی ره‌سه‌نی خۆی له‌ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بدۆزێته‌وه‌ و بیپارێزێ.

له‌ كۆی دیبه‌یته‌كه‌دا هه‌ردوو به‌ڕێزان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گۆڕانكاریی گه‌وره‌ له‌ ئێران و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ كه‌ تێیدا كورد پێویسته‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌ها و سه‌نگی هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ى خۆی و تواناكانی بدا كه‌ دواجار خزمه‌تێك ده‌بی به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌ى كورد.
پاش وه‌ڵام و لێكدانه‌وه‌كان ده‌رفه‌ت به‌ ئاماده‌بووان درا پرسیاری خۆیان ئاراسته‌ى كۆڕگێڕانی سێمینار بكه‌ن كه‌ به‌شدارییه‌كی به‌رچاویان كرد و ده‌رگای زۆریان به‌سه‌ر گفتوگۆكه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ دواتر وه‌ڵامی خۆیان له‌ هه‌ردوو به‌ڕێزانی كۆڕگێڕ وه‌رگرته‌وه‌.

خوێندنه‌وه‌ى شیعر و هۆنراوه‌ بۆ شه‌هیدانی به‌رلین له‌لایه‌ن كاك عه‌زیز مورادپه‌رست و كاك جه‌ماڵ ره‌حمانی به‌شێكی تری به‌رنامه‌كه‌ بوو.

سێمیناره‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌هاب تیۆرینیا به‌رپرسی به‌شی په‌روه‌رده‌ و هه‌روه‌ها هاوار بازیان به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندنی كۆمیته‌ى حیزب له‌ سوئێد به‌ڕێوه‌ بردرا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ بڕیار بوو كاك ئومێد ئه‌حمه‌دزاده‌ نوێنه‌ری ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێرانیش به‌شداری سێمیناره‌كه‌ بی، به‌ڵام به‌ڕێز کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران/سۆئید له‌ نامه‌یه‌كی ره‌سمیدا وێڕای به‌رزڕاگرتنی یادی شه‌هیدانی میكۆنوس و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگه‌ی ئازادی، داوای لێبووردنی كردووه‌ له‌وه‌ى درانگ ئاگادار بوونه‌ته‌وه‌ كاك ئومێد له‌ كوردستانه‌وه‌ كێشه‌ى بۆ هاتووه‌ته‌پێش و نه‌یتوانیوه‌ به‌شداری گفتوگۆكه‌ بی.

له‌ به‌شی كۆتای سێمیناره‌كه‌دا سپاسی سه‌رجه‌م به‌شداربووان كرا و گوڵی رێزلێنان پێشكێشی هه‌ردوو به‌ڕێزان د. خه‌یاتی و د. ئه‌حمه‌دی كرا.