لە رێوڕەسمێكی شایستەدا پرسەی تێكۆشەرێكی دیمۆكرات بەڕێوەچوو

رۆژی 2019/9/15 بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک رەسووڵى حاجی سمايلى پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و نیشتمانپەروەر و کەسایەتیی دیاری ناو کوردانی تاراوگە لە سوێد، رێوڕەسمێك هاتە سازكردن كە لە لایەن هەردوو بنەماڵەی کۆچکردوو و مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی و بە هاوكاریی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەو وڵاتە رێكخرابوو.

مەراسیمەكە بە بەشداریی سەدان كەس لە شاری ئوپسالا بەڕێوە چوو كە تێیدا رێز لە رابردووی پڕ سەروەریی كاك رەسووڵ گیرا كه بەرنامەی رێوڕەسمەكە بەوشێوەیە بوو:

سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەكە خاتوو ئاوارە جەلالی و بە راگەیاندنی یەك خوولەك بێدەنگی رێز لە گیانی شەهیدانى گەل و نیشتمان گیرا و بەرنامەكە دەستی پێكرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوێد لەلایەن عەزیز مرادپەرەست، بەرپرسی بەشی رێکخستنی حیزب لەو وڵاتە پێشكێش کرا. لە پەیامەكەی کۆمیتەی حیزبدا، وێڕای بەداخبوون بۆ کۆچی ناوادەی کاک رەسووڵ، کوورتەیەک لە ژیانی پر شانازی و پێشمەرگەبوونی لەناو ریزەكانی حیزبی دێموکراتدا باس كرابوو. بەشی کۆتای پەیامی کۆمیتەی حیزب، بەناوی دەزگای رێکخستنی گشتی، بە ناوی سەرجەم ئەندامان و لایەنگران و گشت رێکخستنەکانی حیزب لە وڵاتی سوێد، پرسە و سەرەخۆشی کرابوو لە هەردوو بنەماڵەی کاک رەسووڵى حاجی سمايلى و شیوەسەڵی، بەتایبەت خودی مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی و کلسووم خانم، هاوسەری مامۆستا و کچی کاک رەسووڵی کۆچکردوو.

پاشان مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، زاوا و هاوڕێ و هاوسەنگەری دێرینی رۆژانی خەباتی سەختی حیزبی دێموکرات، بە تێر و تەسەلی باسی بنەماڵە و رابردووی پر لە تێکۆشان و ئاوارەبوون و سەروەریی کاک رەسووڵی کرد. دواتریش، برووسکەی هاوخەمیی رێکخستنی سکاندیناڤیای حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەوە خوێنرایەوە، هەروەها پەیامی هاوخەمیی هاوڕێیانی پێشوو لە وڵاتی سوێد لە لایەن عەبدوڵڵا کەریمی خوێنرایەوە.

کۆتابەشی رێوڕەسمەكە درا بە مامۆستا مەلا محەممەد بێگزاد کە بە ناوی بنەماڵەی شیوەسەڵی و کاک رەسووڵ سپاسی ئامادەبووانی پرسە و سەرەخۆشییەكەی كرد.

كۆمیتەی گشتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران_سوێد