كۆچی دوایی تێكۆشه‌ر و دۆستی دێرينی دیمۆكرات: رەسووڵی حاجی سمایلی

بە داخ و کەسەرێکی زۆره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین ئێواره‌ى رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣/٠٩/٢٠١٩، کاک رەسووڵی حاجی سمایلی دانیشتووی شاری ئۆپسالای وڵاتی سوئێد بە هۆی نەخۆشییه‌وه‌ کۆچی دوایی کرد .
خوالێخۆشبوو کاک رەسووڵ، خەزووری بەڕێز مامۆستا مەلا حەسەنی شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاری ناوەندی سیاسی و باوکی خووشکە کلسووم ئیبراهیمی هاوسەری مامۆستا و ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە.
خوالێخۆشبوو کاک رەسووڵی حاجی سمایلی ساڵی ١٣٢٤ـی هەتاوی لە گوندی ” ئاڵوەتان”ی ناوچەی مەنگوڕایەتی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ناسراو لە دایک بووە. کاک رەسووڵ کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی مەنگوڕایەتی شاری سەردەشت بوو، بنەماڵەی بەڕێزیان هەمیشە ماڵیان مقەڕی پێشمەرگەکانی دیمۆکرات بووە.
بە درێژایی شۆڕشی دیمۆکرات ماڵیان شوێنی حەوانەوە و پشوودانی ئەندامانی حیزب و کەسانی شۆڕشگێڕ و په‌ڕیوه‌كانی کوردستانی عێراق بووە. کاک رەسووڵ ساڵی ١٣٤٢ بووە بە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات و لەگەڵ مەلا نەجمەدین کەوکەبیی، کاک عه‌زیزی ئوچاغ، مامۆستا مەلا عه‌زیزی ئەحمەدی، کاک مەحموود موجاهید ناسراو بە “مەحموودە دۆڵ” هاوخه‌بات بووه‌.
هەمان ساڵ واتە ١٣٤٢ قاچاغ بوو و چووه‌تە باشووری كوردستان و تا ساڵی ١٣٤٦ وەک پێشمەرگە لە گەڵ کاک سولێمانی موعینی و عەبدوڵای موعینی و هاوڕێیانی و دواتریش بۆ دریژەدان بە خەبات و تیکۆشان گەڕاوتنەوە رۆژهەلاتی کوردستان. دوای کۆتایی پێهاتنی جه‌وڵانەوەی ١٣٤٦ ، ١٣٤٧ ی حیزبی دیمۆکرات دیسان هەموویان بە بنەماڵەوە ئاوارەی باشووری وڵات بوونه‌وه‌.
خودالێخۆشبوو کاک رەسووڵ لەو کاتەوە ئێستا بەردەوام دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئەندامان و رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات درێژه‌ پێداوه‌. کاک رەسووڵی حاجی سمایلی کەسایەتییەکی دیار و دۆستێکی نێزیک و بەوەجی حیزبی دیمۆکرات لە وڵاتی سوئێدیش بەردەوام لە خۆشی و ناخۆشییەکان پشت و پەنای کۆمیتەی حیزبی دیمۆکرات بووە، زۆر جار زیاتر لە ئەندامێکی حیزبی بە حیزبەوە ماندوو بووە و بەشداری لە رێوڕەسمەکانی حیزبیدا کردووە.
کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە کۆچی دوایی کاک رەسووڵی حاجی سمایلی کەسایەتیی دیار و دۆستێکی هەرەنێزیک و دێرینی خۆی لە دەست دا، بەم بۆنەیەوە وێڕای خەم و پەژارەی ئه‌م کۆچه‌ گه‌وره‌یه‌، خۆمان بە هاوبه‌شی خه‌م و پەژارەی بنەماڵەی بەڕێزیان دەزانین بە تایبەتی تر بەڕێز مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی و خووشکە کلسووم کچی مام رەسووڵ . روحی کاک رەسووڵ شاد بێت.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی سوئێد
١٣/٠٩/٢٠١٩