چەند ساتێك لە خزمەت كاك حەسەن عەزیزی پێشمەرگەی دێرینی دیمۆکرات

ڕۆژی 2019/9/8 لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سۆئێد، خۆم و کاک مەولوود عەبدیلزادە بە هاوڕێیەتیی کاک دیار حاتەمی، کاک ئەبووبەکر زاد و خاتوو نیشتمان تاهیری وەک کۆمیتەی حیزب لە شاری مالمۆی سوئێد، پێشمەرگەی دێرینی حیزبەکەمان کاک حەسەن عەزیزیمان بەسەركردەوە کە بەداخەوە ماوەیەکە نەخۆشە و لە ژێر چاودێریی بەردەوامی پزیشیكیدایە.

پاش بڕینی ٧ دەمژمێر رێگا گەیشتینە شاری مالمۆ و چووینە نەخۆشخانەی مەبەست و دەرگای یەکێك لە ژوورەکانی نەخۆشخانەمان کردەوە کە لە سەر تەختێک رۆڵەیەکی دێموکرات، پێشمەرگەیەکی دێرین، لە خەوێکی شیرین دابوو، هەروەك ئەوەی تازە لە جەولەی پێشمەرگانە لە ناوچەی مەرگەوەر گەڕابێتەوە و لە بناری چیای دالانپەر، مەکۆی لە ئامێز گرتنی رۆڵەکانی دێموکرات بە بێ ترس و دوور لە چاوی دوژمن لە کیسەخەوێکدا خەوی لێ كەوتبی.

هاوڕێ کاک ئەبووبەکر بە دەنگێکی نەوی چەند جار بانگی کرد: حەسەن هەستە! ئەوە هاوڕێیان لە کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە هاتوون بۆ سەردانت! حەسەن زۆر بە هێمنی چاوەکانی کردنەوە و تەماشای یەک بە یەکی ئێمەی کرد، بەڵام دیار بوو ئازاری جەستەی ماندووی، خەوی شەوی لێ ستاندبوو، هەر بۆیە چاوەکانی نوقاند و درێژەی بە خەوەکەی دا.
دیسان کاک ئەبووبەکر بانگی هێشت، ئەوجاریش کاک حەسەن چاوەکانی کردنەوە و بە بێ دەنگی تەماشای ئێمەی دەکرد. کاک مەولوود، حەسەنی لە ئامێز گرت و ماچی کرد و گەرایەوە دواوە، بێ دەنگیی حەسەن نیشانی دەدا کە هێشتا خەو بەری نەدابوو. من چووم و کاک حەسەن باوەشی بۆ کردمەوە و بە هەموو هێزی دەستە بێ هێزەکانی منی لە باوەش گرت و ماچی کردم و بۆ چەند ساتێک بەری نەدام، فرمێسک دوای فرمێسک تێکەڵ بە فرمێسکەکانی من دەبوون و لە کاتێکدا گریان قورگی گرتبوو، بە دەنگێکی بێ هێز لە بن گوێچكەم چرپاندی: عەزیز گیان من زۆر نەخۆشم و ئازارم زۆرە، دکتور پێی وتووم نەخۆشییەکەت چارەسەری نییە، بەڵام هەرچی قەدەر کردبی هەر ئەو دەبێ، بەلام ئازاری دووریی منداڵەکانم هەموو ئازارێکی لە بیر بردوومەتەوە.

ئەو قسانە ئەوەندەی تر رێگای بارینی فرمێسکی بۆ دەکردینەوە، ئاخ کە کاتێکی پڕ لە غەم و ئازار بوو. ئاخر هەر ئەوانە بەباشی لەو قسانەی کاک حەسەن تێدەگەن کە لە غەریبی و دوور لە خاکی نیشتمان و باوەشی گەرمی ئازیزان ژیان تێپەر دەکەن و ئینجا چ بگات بە نەخۆش و کەوتن لە سەر تەختی نەخۆشخانە و هەتا مندالەکانیش لە بەر کەمیی تەمەن رێگای نەخۆشخانە نەزانن و نەتوانن سەردانی ئەو باوکە بکەن کە لە باوەشی ئەو دا دەخەوتن و هیوای زۆریان پێ بوو.

بەلێ هاوِرێیان یەک بە یەک حەسەن یان لە ئامێز گرت و بۆ ماوەی چەند سەعات لە دەوری کاک حەسەن دانیشتن و هەر چۆنێک بوو بە خەیاڵیش بی حەسەن مان بردەوە چیاکانی مەرگەوەر و ناو کۆڕی گەرمی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی لە بنکەکانی حیزب و حەسەنیش ئەگەر چی هەناسەی قووڵی بۆ ئەو رۆژانە هەڵدەکێشا و جارجاریش بە دەنگی نزمی خۆی هەواڵی حیزبی دەپرسی و پاشان دەیگوت: ئەو دوو مانگە نەمتوانیوە هەقی ئەندامەتیی خۆم بدەم.

کات دەرفەتی زیاتری پێ نەداین و دەبووایە ٧ سەعاتی دیکە بە رێگاوە بین هەتا بگەینەوە ماڵ، هەر بۆیە بە ناچاری دیسان حەسەن مان بەتەنیایی لە نەخۆشخانە بە جێهێشت، بەڵام بەڵێنم پێدا لە داهاتوویەکی نێزیکدا دیسان و دیسان بچمەوە خزمەتی. لێرەدا بەش بەحاڵی خۆم سوپاسی کۆمیتە و ئەندامانی حیزب لە شاری مالمۆ دەکەم کە بە پێی توانا سەردانی کاک حەسەن دەکەن و لە هەواڵی تەندروستیی کاک حەسەن ئاگادارمان دەکەنەوە.

کاک حەسەن خەڵکی گوندی گێسیان لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێیە، لە ساڵی 1358ـی هەتاوی بووەتە پێشمەرگەی دیمۆكرات و تا ئێستاش بە رێبازە پیرۆزەکەی وەفادار ماوەتەوە. کاک حەسەن مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب، راستگۆ، بە بیر و باوەڕ، دەستپاک، قسە خۆش و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانییەتی. ویڕای هیوای ساخی و تەندروستیی باشتر بۆ کاک حەسەن، هیوادارم هەرچی زووتر بە تەندروستیی باش بگەڕێتەوە ناو ماڵ و هەر دوو منداڵە جوانەکانی لە ئامێزی گەرمی خۆیدا گەورەتریان بکا کە ئێستا زیاتر لە هەمیشە پێویستیان بە حەسەنی باوکیان هەیە، بەو هیوایە.

عەزیز مرادپەرەست