به‌شی په‌روه‌رده‌ و كۆمیته‌ى گشتیی لاوان هاوكارییه‌كانیان پته‌وتر ده‌كه‌ن

له‌ دانیشتنێكی نێوان به‌رپرسی به‌شی په‌روه‌رده‌ له‌ كۆمیته‌ى گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ سوئێد و كۆمیته‌ى گشتیی لاوان له‌م وڵاته‌، پێوه‌ندییه‌كانی نێوانیان باس و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 7ـی سێپتێمبه‌ر له‌ شاری ئۆرێبرۆ به‌ڕێوه‌چوو، عه‌بدولوه‌هاب تیۆرینیا به‌رپرسی په‌روه‌رده‌ له‌ كۆمیته‌ى گشتی به‌رنامه‌ و پلانی كۆمیته‌ى بۆ چالاكی زیاتری كارى هه‌ردوولا خسته‌ڕوو كه‌ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ى گشتیی لاوانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م كاری زیاتر و توێژی لاوان تاوتوێ كران و هه‌ردوو لایه‌ن به‌رچاوڕوونی زیاتریان به‌ یه‌كتری به‌خشی و له‌ نێزیكه‌وه‌ ئاگاداری پێشنیازه‌كانی یه‌كتری بۆ شێوازی كاری هاوبه‌ش بوونه‌وه‌.
تیۆرینیا به‌ گرینگه‌وه‌ باسی له‌ رۆڵی لاوان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و چاوه‌ڕوانییه‌كانی له‌م توێژه‌ كرد و هاوكات ئاماده‌ییی كۆمیته‌ى گشتیی حیزبی بۆ هه‌رجۆره‌ هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ لاوان پیشان دا.
ئه‌م دیداره‌ له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌ و كاری كۆمیته‌ى گشتیی حدكا له‌ سوئێد بۆ كاراكردنی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانه‌ تا بتوانن به‌ هاوكاریی یه‌كتری كاری هاوبه‌ش و رۆڵی زیاتریان هه‌بی.