کۆبوونه‌وه‌ى ته‌شكیلاتی شاری یۆتۆبۆری به‌ڕێوه‌چوو

ڕۆژی شەممە رێكەوتی 7ی سێپتێمبێر 2019، لە شاری یۆتوبۆری کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی به‌ به‌شداریی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی حیزب له‌و شاره‌ و بە چاودێریی و بەشداریی بەرێزان مەولوود عەبدیلزادە بەرپرسی کۆمیتەی گشتی و عەزیز مرادپەرست بەرپرسی رێکخستنی کۆمیتەی گشتی “حدکا” له وڵاتی سوئێد به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری کۆبوونەوەکە، بەرێز سیرووس ڕەئوفی بەخێرهاتنی ئاماده‌بووان كرا و خۆله‌کێک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له گیانی پاکی شه‌هیدانی سوورخەڵاتی حیزب ‌و گه‌ڵ راگه‌یه‌نرا و پاشان کۆبوونەوەکە له‌لایه‌ن مەولوود عەبدیلزادە بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب کرایه‌وه.

ئینجا داوا کرا لە بەرێزان ئەنوەر مەحموودزادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب و فەرزاد جڵوەزان بەرپرسی رێکخستنی حیزب لە شاری یۆتوبۆری بۆ پێشکێشکردنی راپۆرتی کۆمیتە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا کە ڕاپۆرتەکە پێشکێش کرا و دواتریش ڕێگه‌ درا بەشداران ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و لەو پێوەندییەشدا بەشداربووان بە ڕەخنە و پێشنیارە بە که‌ڵکەکانیان، کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

بەدوای وەڵام دانەوەی پرسیار و رخنەو بۆچوونەکان لە لایەن ئەندامانی کۆمیتەی یوتوبۆرییەوە و هەروەها بەشیکێش کە پێوەندی بە کۆمیتەی گشتییەوە هەبوو بە تێرو تەسەلی وەڵام درانە و ئینجا راپۆرتەکە خرایە دەنگدانەوە كه‌ له لایه‌ن زۆرینەی ئەندامانی بەشداره‌وه‌ پەسەند کرا.

دوای پشوویەکی کورت، له‌لایەن کۆمیتەی گشتییەوە بە هۆی کار و خەبات و چالاکبوونی ئەم کۆمیتەیە لە ماوەی سێ ساڵدا سووپاسنامە و چه‌پكه‌گولێک پێشکێش بە هەموو ئەندامانی کۆمیتەی یۆتوبۆری کرا.
له‌ به‌شی كۆتاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی کۆمیتەی نوێ بۆ ئه‌و شاره‌ ديارى كران تا ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزب به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و پیرۆزبایی ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌شیان لێكرا.