پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە خۆپیشاندانەکەی بروکسێلدا

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە خۆپیشاندانەکەی بروکسێلدا، پەیامێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

كوردستانییانی هێژا، ڕێبوارانی ڕێگای دوکتور قاسملوو!

ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە، تاکوو ڕۆژێکی دیکەی تاڵی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان وەبیر بێنینەوە. ڕۆژی ١٣ی جولای ١٩٨٩ی زایینی، بەرامبەر لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی کە ڕێبەری شەهید، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، بە هیوا و ئامانجی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ هەیئەتی بەناو دانوستانکاری ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران.

تێرۆرێک کە لە شاری وییەن، پێتەختی ئۆتریش و لەنێو دڵی ئورووپای شارستانییەت و بەناو مەکۆی پاراستنی مافی مرۆڤ، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی جیهانییان ڕووی دا و قاتڵەکان کە دیپلۆمات تێرۆریستەکانی سەر مێزی وتووێژ و نێردراوی ڕێژیمی تاران بوون، لەژێر حیمایەی پۆلیسی ئۆتریش تا فڕۆکەخانە هاوڕایی کران و نێردرانەوە تاران، تا لەوێ بە پاداشتی بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە گرنگەی کە پێیان سپێردرابوو، خەڵات بکرێن. ئورووپاش کش و مات تەنیا چاولێکەر و بیسەری ئەو خەبەرە پڕ لە شەرمەزارییە بوو کە لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بڵاو دەکرانەوە.

بەڵام قاسملوو بۆ تێرۆر کرا؟

قاسملوو ئەو سیما نەتەوەییە پێشکەوتنخواز، شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە بوو کە ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و بزاڤی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆمان بە ڕێبواری ئەو ڕێگایە دەزانین کە ڕێبازی دوکتور قاسملوو بوو.

‌قاسملوو بۆ ئێمه‌ ته‌نیا ڕێبەری حیزبی دیمۆكرات نه‌بوو، به‌ڵكوو قوتابخانه‌یه‌ک بوو كه‌ له‌ زۆر ڕه‌هه‌نده‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ت و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی كورد دانا. له ‌هه‌مان كاتدا ئه‌و مامۆستایه‌ک بوو كه‌ وانه‌كانی كوردبوونی وه‌ک میراتێک له‌ ڕێبه‌رانێكی گه‌وره‌ وه‌ک “سمكۆ” و “پێشه‌وا قازی محەممەد”ـەوه‌ گه‌یانده‌ ئێمه‌. ئه‌و وانانه‌ی كه‌ كوردبوون وه‌ک ناسنامه‌یه‌ک به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌ و خه‌بات بۆ كوردستانیش وه‌ک ئه‌ركێكی نیشتمانی و مرۆیی ده‌زانێت. بۆیه‌ كاتێک بیر له‌ قاسملوو ده‌كه‌ینه‌وه،‌ له‌ ڕاستیدا وێنای مرۆڤێكمان دێته‌ به‌رچاو كه‌ سیمایەکی ئەمڕۆیی و مرۆڤتەوەرانە لە خەبات و ئامانجە ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان دەخاتە ڕوو.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری تاکوو ئەمڕۆ، بەردەوام بووە لە کاولکاری و تێرۆر دژ بە کورد و هەموو نەتەوە بندەستەکانی ئێران، لەم ڕێگەیەدا لە هیچ تاوانێک سڵی نەکردووەتەوە.

خومەینی بە فەرمانی جیهاد دژی بزووتنەوەی کوردی ئێران، دەستی بەکار کرد، هەمان فەرمان کە دواتر داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی ڕایگەیاند و جێبەجێی کرد.

ڕێژێمی خومەینی لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵی خۆی خستوەتەگەڕ کە بە شەڕ، ئەشکەنجە و ئێعدامی خەڵکی جیابیر لە نێوخۆی وڵات، پەرەپێدانی شەڕ، چەندبەرەکی و ناسەقامگیری لە نێو خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر شوێنی دیکەی دونیا، بناخەی دەسەڵاتەکەی خۆی پتەو بکات، بەڵام پەرچەکرداری حیزبی دیمۆکرات تەنیا بەدواداچوونی سیاسییانە و بەرگریی ڕەوای لە پرسەکە بووە. چونکە لە سەخترین ڕۆژانی سەرکوت لە کوردستان، قاسملوو فێری کردین کە ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی هەموو کردەوەیەک لە دژی نەیارانی خۆمان بە ڕەوا نەزانین. لەم بوارەدا بوو کە هەرگیز ئیجازەی نەدا کە تێرۆر بە تێرۆر جواب بدرێتەوە. تاکوو ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون. بەڵام وەڵامی حیزبی دێموکرات هەمیشە کەڵک وەرگرتن لە مافی بەرگریی ڕەوا بووە.

کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ئەم چل ساڵە لە سیاسەتێکی ئایینی وەک ئەوەی داعش پێڕەوی دەکرد، بەردەوام بووە. بەڵام د. قاسملوو لە سەرەتاوە باوەڕی وا بوو کە ئاوێتەکردنی سیاسەت بە ئایین، کۆتاییەکەی شەڕێکی هەمەلایەنە دەبێت کە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و دەبێتە ئەو هەلومەرجە کە ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەیبینین. بۆیە ئێمەش وەک قاسملوو چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست بە داماڵینی بەرگی ئایینی لە سیاسەت دەزانین.

ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا بناخەی داناوە، حکوومەتی ترس، زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و بن پێکردنی مافی ژنان بووە. هۆکارەکەی دیار و ڕوونە، حکوومەتێک کە باوەڕی بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ نەبێت ناتوانێت سەرچاوەی ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە قاسملوو بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد کە چارەسەریی کێشەکان بەخشینی هێز بە کۆمەڵگا و تاکەکانیەتی تا دەسەڵاتی سەرکوتکار کۆنترۆڵ بکات.

یەکێک لە بونیادە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، دژایەتییە لەگەڵ بەهاکانی کۆمەڵگای جیهانی. بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژانە ڕۆژئاوا وەک کۆمەڵگەیەکی دوور لە شارستانی و دوور لە مرۆڤایەتی ناو دەبات. هەمان ئەقڵییەت کە داعشیش هەڵگری بوو. بەڵام کاتێک چاو لە ژیان و ئەندێشەی دوکتور قاسملوو دەکەین، خەونەکانی لە ڕۆژئاوا چەکەرەیان کرد، باشترین دۆستەکانی ئورووپاییەکان بوون، بەها ڕۆژئاواییەکان، وەک دێموکراسی، یەکسانیی ژن و پیاو و کولتووری پێکەوە ژیان، بەهای ئەساسیی ژیانی تاکەکەسی و سیاسیی ئەو بوون. بۆیە هەموو ئەم بەهایانە تاکوو ئەمڕۆ لە لای کوردانی خۆرهەڵات مانای هەیە و ناسنامەبەخشە.

بۆ ماوەی چوار دەیەیە کە حیزبی دێموکرات دژ بە کۆماری ئیسلامی خەبات دەکات، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە هەر وەک  د. قاسملوو دەڵێت نایەکانگیرە لەگەڵ جیهانی ئازاد و ئازادیدا. بەڵام کاتێک سەیری سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ناڕوونییەک هەبووە لە تێگەیشتن بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان توندڕەو و میانەڕەو لە ئێران دادەنێن. لە ڕاستیدا لە ئێران ئەم جیاکارییە ناتوانێت ڕاست بێت،  چوونکە کێشەی ئەساسی لە ئێران سیستەمە سیاسییەکەیەتی. سیستمێک کە وەک هێندێک لە ڕێژیمەکانی سەردەمی شەڕی سارد لەسەر ئەساسی ئیدۆلۆژییەکی داخراو و چەقبەستوو و زۆر دواکەوتووانە کار دەکات، کە کاراکتەرە سیاسییەکانی ناوی وەک فەرمانبەرن نەک بڕیاردەر. ئەوەی بڕیار دەدات وەلی فەقیە و بەیتی ڕێبەری و مافیای سەربازی و ئەمنییەتیی سپای پاسدارانە. بۆیە هیچ یەک لە سەرۆک کۆمار یان کاربەدەستێکی تر کاری گەورە ناتوانێت بکات. وەک “محەممەد خاتەمی” خۆی پێی لێناوە، ئەوان تەنیا “تدارکچی” بوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئورووپا و ئامریکا هێشتا باوەڕی زاڵ وایە کە دەبێ پێوەندییەکان لەگەڵ ئێران ڕابگرن، تا بەڵکوو لەو ڕێگایەوە، کۆماری ئیسلامی بگەڕێننەوە سەر هێڵی دیالۆگ، بەڵکوو وەک دەسەڵاتێکی نۆرماڵ لەگەڵ ئەوان و وڵاتانی دراوسێ ڕەفتار بکات، هەر وەک چۆن ڕێفۆرمیستەکان لە نێوخۆی وڵات نزیک بە بیست و پێنج ساڵە بە ناوی پێکهێنانی چاکسازی هەنگاو بە هەنگاو لەو ڕێژیمەدا خەڵکیان هانداوە بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژیم و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بەڵام تا ئێستا ئەو سیاسەتە چەواشانە تەنیا بوونەتە هۆی ئەوەی ڕێژیم بە قازانجی خۆی کەڵکیان لێ وەربگرێت و فراوانخوازیی خۆی زیاتر پەرە پێبدات، ئێستاش دنیا شاهیدە کە سیاسەتی مەداراکردن لەگەڵ ڕێژیم بە هیوای پێکهێنانی ڕیفۆرم دوای چل ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی نەک ئەو ڕێژیمەی بەرەو ڕیفۆرم ڕانەکێشاوە، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لەسەر بردنە پێشی سیاسەت و بەرنامەکانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە پێداگری کردووە، لە بەرانبەردا زۆربەی خەباتکارانی ئێران لە خاکی ئورووپا تێرۆر کراون نەک ئامریکا. مانای ئەو کارەش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک بارمتەیەک لەگەڵ ئورووپا دەجووڵێتەوە. بەڵام هەرگیز باوەڕی بە پێوەندیی ستراتژیک و درێژخایەن لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا نەبووە.

بەگشتی ئەوەی لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژەی پێ بکەم، ئەوەیە کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات میراتگێری مرۆڤگەلێک وەک سمکۆ، پێشەوا و قاسملووین. مرۆڤگەلێک کە بونیادی باوەڕ بە جیهانی ئازاد و ڕزگاری بۆ کوردستانیان بۆ ئێمە داناوە. لەم ڕێگەدا دەیان جارکەوتووینەتە بەر تێرۆر، زیندان، ئەشکەنجە و ئاوارە بووینە. بەڵام پاش زیاتر لە حەوت دەیە هێشتا لەم ڕێگەدا هەنگاو دەنێین. لێرەدا کۆ بووینەتەوە تا پەیمان لەگەڵ دوکتور قاسملوو و ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵ ئەو شەهیدبوون نوێ بکەینەوە و پێیان بڵێین ڕێگاکەتان کوێر نەبووەتەوە و هەروا پڕ ڕێبوارە. بە کۆماری ئیسلامیش بڵێین تێرۆری ئەو کەسایەتییە مەزنە و تێرۆرەکانی دیکەتان دادی نەدان و نەک نەتانتوانی دەنگی ئازادیخوازیی کورد کپ بکەن، بەڵکوو ئێستا و دوای تێپەڕبوونی سی ساڵ لەو تێرۆرانە ڕۆژبەڕۆژ دەنگی مافویستیی گەلی کورد زیاتر بەرزبووەتەوە و ڕاشکاوانەتر لە هەموو کات ئامادەن بۆ خەبات دژی ئێوە. تەنیا شتێک کە دەتوانێت ئاراممان بکاتەوە ڕزگاری، ئازادی، ئاسایش و بەختیاریی نەتەوەیەکە کە داوای مافەکانی خۆی دەکات. ئەو مافانەی کە بۆ هەموو نەتەوەکانی جیهان ڕەوایە، بۆ ئێمەش وەک نەتەوەی کورد ڕەوایە.

 دوا قسەم بۆ ئێوە کوردانی تاراوگە و ئاوارەی دەستی زۆرداری ئەوەیە کە وەک دەزانن سێ ساڵ پێش ئێستا بڕیاری ڕاسان یان ڕابوونێکی ترمان لە خۆرهەڵاتدا دەرکرد، با ئێوە خۆشەویستان بزانن کە ئەگەر دڵمان بە ئێوە گەرم نەبا، ئەگەر ئێوەمان وەک پاڵپشتی خەباتەکەمان نەزانیبا، دڵنیا بن کە ئەستەم بوو، لەو کاتەدا بڕیاردانێکی ئەوتۆ گران و گرنگ بدەین، بۆیە ئێستا ڕووی قسەکانم دەکەمە ئێوە و داواتان لێدەکەم کە چۆن ڕێزی پێشمەرگەکانمان، چۆن ڕێزی خەباتکارانی شار ڕۆژانە بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەر دەکەن، بە هەمان ئیرادە و تواناوە گۆڕەپانی وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا بکەن بە سەنگەرێکی تر لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات. کاتێک ناوی ئەم خرۆشانی بێوێنەی ئێوەمان وەک ڕاسانی تاراوگە ناو ناوە، مانای ئەوەیە کە توانا و ئیرادەی ئێوە بە ڕادەی توانای شاخ و شار بۆ خەباتی خۆرهەڵات گرینگە. بۆیە وەک حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگای خۆرهەڵات داواکاریمان ئەوەیە کە پشتقایمتر لە جاران ئاوێتەی ڕاسان بن و هەوڵ بدەن کە ئاوێنەی خەباتی شار و شاخ بن لە جیهانی دەرەوە. چوونکە ڕێبەرانی شەهید لەو باوەڕەدا بوون کە ئێمە ئەرکێکمان لەسەر شانە، ئەگەر ئەو ئەرکە بە جوانی جێبەجێ بکەین، نەوەکانی داهاتوو ئیتر دەتوانن بە ئازادی و ڕزگاری بژین. کوردستان و کورد چاویان لە ئێمەیە.

سڵاو لە دوکتور قاسملوو و هاوڕێ شەهیدەکانی، کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسوول.

سڵاو لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

سڵاو لە تێکۆشەرانی خۆرهەڵات بۆ بەردەوامییان لە خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.

سپاس بۆ ئێوە خوشک و برایانی خۆشەویست بۆ بەشداریتان لەو یادە پڕشکۆیە.

سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و نەمان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.