كۆنفرانسی ساڵانەی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی ژووئیەی ٢٠١٩ی زایینی (١١ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی)، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاولە ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە شاری ستۆکهۆڵم و بە سەرپەرشتی و چاودێری بەڕێز مەولوود عەبدیلزادە بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕات لە وڵاتی سوئید، کۆمیتەی ستۆکهۆڵم کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد. دواتر لەلایەن هاوڕێ قادر مێهفەر بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمەوە بەخێرهاتنی بەشدارانی کۆنفڕانسی كرد و یادی كردەوە لە هاوڕێی کۆچکردوو کاک مەنسوور پیرۆتی کە ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حیزب بوو و بەداخەوە لە دیسامبری ٢٠١٨ی زایینی کۆچی دوایی کرد.

دواتر بەڕێزیان ڕاپۆرتێکی لەسەر پێکهاتەی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزب لەشاری ستۆکهۆڵم و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکە پێشکێشی بەشداران کرد. دوابەدوای ئەوە هاوڕێ حوسێن ڕەسوڵی بەرپرسی بەشی ماڵیی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم ڕاپۆرتی ماڵی و شیکردنەوەی داهات و دەرکەوتەکانی بۆ بەشداران ڕوون کردەوە.

لەبەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانسدا بەڕێز مەولود عەبدیلزادە بەرپرسی کۆمیتەی سوید وێڕای دەستخۆشی و ماندوو نەبوونی بەناوی کۆمیتەی گشتییەوە سپاسی هاوڕێیانی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ستۆکهۆڵم كرد کە لەماوەی نزیک بە ٢ ساڵی ڕابردوودا زۆر ئەرک و بەرپرسیارێتی گرنگیان لەسەر شان بووە و بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بەئەنجامیان گەیاندوون.

پاشان بەڕێز عەبدیلزادە باسێکی گشتی لەسەر پێکهاتەی نوێی پەسەندکراوی دوای کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان پێشکەش کرد و بە بایەخەوە لە پشتیوانی و هاوکاری ئەندامانی حیزبی ڕوانی کە بۆ سەرخستن و بەرەپێش چوونی زیاتری هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی ئەو سیستەمە نوێیەی کاری تەشکیلاتی و بەڕێوەبەری حیزبەکەمان. هەروەها ئاماژەی كرد كە دڵسۆزانە تێدەکۆشن و بە بۆچوون و پێشنیازەکانیان بەرچاوڕوونی دەدەنە ئۆرگانەکانی سەرووتر و ڕێبەرایەتی حیزبە تێکۆشەرەکەمان.

دوابەدوای وتەکانی ناوبراو نۆرە گەیشتە پرسیار و پێشنیاز و ڕەخنەکانی ئەندامانی بەشداری کۆنفڕانس تا لەسەرڕاپۆرتەکانی کۆمیتەکەیان هەڵسەنگاندن بکەن و بە پەسەندی بگەیەنن. دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی بەشداران بەکۆی دەنگی بەشدارانی کۆنفڕانس، ڕاپۆرتەکان بە پەسەندی كۆتایی گەیشتن و لە لایەن هەریەک لە بەرپرسی کۆمیتە گشتی سوئێد و کۆمیتە ستۆکهۆڵم وڵامی پرسیاری هاوڕێیان درایەوە.

لەبەشی کۆتایی کاری کۆنفڕانسیشدا سێ کەسی دیکە لە هاوڕێیانی حیزبیمان بۆ دەستەی بەڕێوەبەری لە کۆمیتەی تازەی شاری ستۆکهۆڵمدا ناسێنران و دەست بەکار بوون. لێرەوە وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرانی تازەی کۆمیتەی شاری ستۆکهۆڵم، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان لە کار و تێکۆشانی حیزبیدا بۆ بەئاوات دەخوازین.