سێمینارێكی سیاسی – تەشكیلاتی لە سوئێد بەڕێوەچوو

رۆژی یەكشەممه 26ـی ئایار بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سوئێد و ئامادەبوونی ئەندامانی رێبەری، سێمینارێكی سیاسی و تەشكیلاتی لە شاری ئیسكیلستوونا بەڕێوەچوو.

مێوانانی سێمینارەكە بریتی بوون لە مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتیخاری ناوەندی سیاسیی حیزب، دكتۆر ئیدریس ئەحمەدی ئەندامی ناوەندی سیاسی و مامۆستای زانكۆ لە زانستە سیاسییەكان و سلێمان كەلەشی بەرپرسی ناوەندی رێكخستنی سكاندیناویی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.

سێمینار بە سروودی “ئەی رەقیب” و خوولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و لەلایەن “حەبیب بەهرامی” بەرپرسی كۆمیتەی ئیسكیلستوونا وەك مێوانداریی سێمینارەكە بەخێرهاتنی سەرجەم ئامادەبووان كرا و دواتریش “وەهاب تیوری” بەناوی كۆمیتەی گشتییەوە باسێكی كوورتی لەسەر كاروچالاكییەكانی كۆمیتە خستەڕوو.

لە دەستپێكی سێمینارەكەدا، مامۆستا مەلا حەسەن باسێكی وردی لەبارەی دۆخی ناوچەكە بەتایبەت پاش گۆڕانكارییەكانی وەك چوونە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران، هاتنی هێزی زیاتری ئەمریكا بۆ ناوچەی كەنداو و بارودۆخی گشتیی ئێران پێشكێش كرد. باسەكەی مامۆستا گرینگییەگی زۆری بە رۆڵی كورد و حیزبی دیموكرات لەو قۆناخە هەستیار و پڕ لە ئەگەر و پێشهاتە دا.

پانێلی دووەمی سێمینار لەسەر دەستی د.ئیدریس ئەحمەدی بەڕێوەچوو كە بەشێوەیەكی سیاسی و زانستی تیشكی خستە سەر پێكهاتەی ئێستای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و وێنەیەكی روون و دیاری لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی حیزب بە ئامادەبووان بەخشی و لە روانگەیەكی زانستییەوە پرۆسەی درووستبوونی بڕیار و جێبەجێبوونی لەناو حیزبی دیموكراتدا شیكردەوە.

پاشان، سلێمان كەلەشی بەرپرسی ناوەندی رێكخستنی سكاندیناوی باسێكی وردی تەشكیلاتی پێشكێشی ئەندامانی حیزب كرد و بەهێزبوونی باری تەشكیلاتی حیزبی وەك مەرجی كاریگەربوونی حیزب لە قەڵەم دا. هەروەها بەگرینگەوە باسی لە خۆپێشاندانەكەی یادی 30 ساڵەی تیرۆركرانی د.قاسملوو و هاوڕێیانی كرد كە بڕیارە 9ـی مانگی Juli لە بەردەم پەرلەمانی ئوروپا لە بروكسل بەڕێوەبچێ.

دواتر، مەولوود عەبدیلزادە، بەرپرسی كۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئێد باسێكی لەبارەی كاروبار و پێكهاتەی تازەی كۆمیتەوە پێشكێشی بەشداران كرد كە تێیدا كۆمەڵێك بەرچاوڕوونی لەبارەی ئێستا و بەرنامەی داهاتووی كۆمیتەوە بە ئامادەبووان درا.

هەر لە میانەی سێمینارەكەدا، كۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئێد وەك سپاس و دەستخۆشی، چەپكە گوڵی رێزلێنانی بەخشی بە سەرجەم مێوانانی كۆڕگێڕی سێمینار و هەروەها چەپكە گوڵێكی سپاسی بەخشییە كۆمیتەی ئیسكیلستوونا كە لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت لە رێوڕەسمی خاكسپاریی فەرماندەی كۆچكردوو حەسەن زارعی (مام حەسەن سەرسپی) ئەركێكی زۆری لە ئەستۆ گرتبوو. رێزلێنانەكان لەلایەن بەرپرسی كۆمیتەی گشتییەوە بەڕێوەچوون.

بەشدارانی سمينارەكە دواتر پرسیار و راوبۆچوونی خۆیان لەبارەی كۆی باسەكان خستەڕوو كە بەپێی ئاراستەی پرسیارەكان لەلایەن مێوانانی سێمینارەوە وەڵام درانەوە.

راگەیاندنی كۆمیتەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران/سوئێد 20190526