كۆنفرانسێكی تەشكیلاتی و رێكخستنەوە لە شاری كالمار بەڕێوەچوو

لە درێژە هەوڵ و چالاكییەكان بۆ نوێكردنەوەی كۆمیتەكانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سوئێد، كۆنفرانسێكی تەشكیلاتی بۆ كۆمیتەی شاری كالمار بەڕێوەچوو.
كۆنفرانسەكە شەممە رێكەوتی 11ـی مای 2019 بە بەشداریی زۆرینەی ئەندامانی حیزب لەو شارە و نوێنەری كۆمیتەی گشتیی حیزب “ئەبووبەكر رەحمانی” بەڕێوەچوو.

بە خوولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان کۆنفراسەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و دواتر ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لە کار و چالاکیی کۆمیتەكە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوو لەلایەن بەڕێز جەلال ئەلیاسی پێشكێش كرا و لەلایەن بەشداران و نوێنەری گشتیی كۆمیتەوه بەرز نرخێنرا.
دواتر چەپكە گوڵێكی رێزلێنان پێشكێشی ئەندامانی كۆمیتەی پێشوو لە كالمار كرا و هاوكات هەریەك لە بەرپرسی كۆمیتە و تەشكیلات و پێوەندییەكانی كۆمیتەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كالمار دیاری كران و متمانەی كاریان پێبەخشرا.