گەمارۆ سەختەكەی ئێران كەوتە باری جێبەجێكردنەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، هەرجۆرە هاوردەکردنێکی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە سزای بەدواوە دەبێت؛ بەرپرسانی ڕێژیمیش نکۆڵی لە کاریگەریی گەمارۆوەکان لەسەر ئێران دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، مۆڵەتی ٦ مانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ سەر ٨ وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران، کۆتایی پێ هات و واشینگتۆن ڕایگەیاند، کە لەمەبەدواوە هەرجۆرە هاوردەکردنێکی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە، تووشی سزا لە لایەن ئامریکاوە دەبێت.

ئەم سزایانە لە چوارچێوەی ململانێی بۆ “زیاترین گوشار” بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێت و بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا نییە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا پێش لە بەکردەییبوون، ئابووریی ئێرانیان تووشی ناهەمواری کردبوو و نرخی کاڵاکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چاوەڕوان دەکرێت کە بە کەمبوونەوەی داهاتی ئەرزیی دەوڵەت، زۆرتر لە ڕابردوو ئەم وڵاتە تووشی هەرسهێنانی ئابووری بێت.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردووەوە و لەکاتی هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆوەکان بە دژی ئێران، هەناردەکردنی نەوت زیاتر لە ٥٠ لەسەد و پارەکەی ٦٠ لەسەد دابەزیوە و نرخی هەڵاوسانیش لانیکەم ٣٠ لەسەد زیادی کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامی نکۆڵیی دەسەڵات و هێزی ئامریکا لە بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی دەکەن و لەم پێوەندییەدا حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەبارەت بە بڕیاری ئامریکا بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوت، وتوویەتی: “ئێمە ناهێڵین ئەم بڕیارە کردەیی بکرێتەوە و بە یارمەتی خودا، ئامریکا بەچۆک دێنین”.

ناوبراو هەروەها زیادکردنی داهاتە غەیرە نەوتییەکان و دەسبەسەرداگرتنی بازاڕەکانی ناوچە و جیهانی بە یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکان بۆ شەڕ لەگەڵ ئامریکا ناو بردووە.

لەم پێوەندییەدا، عەرەبستان و عێراق و تەنانەت ڕووسیەش، بۆ دابینکردنی کەمیی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، کە ناڕەزایەتیی بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێرانی بەدواوە بووە.

كوردستان میدیا