ئەندامانی حیزب لە ستۆکهۆڵم ڕۆژی کرێکـار پیرۆز ڕادەگرن

بەبۆنەی یەکی مای کە بەڕۆژی کرێکار دەستنیشان کراوە، لە وڵاتی سوید لە چەندین شار بەشێوەی جۆراوجۆر یادی کرایەوە.

لە شاری ستۆکهۆڵم بە دەستپێشخەری پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید لەژێر درووشمی (تەناهی، دێموكراتی و پێكەوەبوون) ڕێپێوانێکی بەرین بەرەو ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم، ئەنجام درا. لەو ڕێپێوانەدا جگە لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارت و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانی تر کە لە سوید نیشتەجێن، بەشدار بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک لەو هێزە سیاسییانە بوو کە بەشداری ئەو ڕێپێوانە بوو و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و ئاڕمی حیزب و وتنەوەی درووشم دژ بە کۆماری ئیسلامی ئیران و هەڵگرتنی پلاکارت، هەوڵیان دا پشتیوانی خۆیان لە کرێکارانی کوردستان و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان بگەیەننە گوێی بەشدارانی ڕێپێوانەکە.

‎لەخاڵی کۆتایی ڕێپێوانەکەدا مەڕاسیمی وتارخوێندنەوە بەڕێوەچوو کە لەناویاندا ”مەگدەلێنا ئاندێرشۆن” – وەزیری دارایی سوئێد لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دێموکرات) تایبەت بە ڕۆژی کرێکار، وتاری پێشکەش کرد. ئەندامانی حیزب لەو بڕگەیەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتیان لە وڵاتی سوید بە زمانی سویدی سەبارەت بە ڕۆژی کرێکار لەنێو بەشداراندا بڵاوکردەوە. 

‎شایەنی باسە کە ئەو یادە سەعات ١ی دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد و سەعات ٤ی دوای نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.