ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی گشتی حیزب لە سوئێد بە بۆنەی کۆچی دوایی فەرماندەی دێرین “حەسەن زارعی” ناسراو بە مام حەسەن سەرسپی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ی زایینی مام حەسەن سەرسپی تێکۆشەر و فەرماندەی دێرینی حیزبەکەمان و ئەندامی چالاک و دڵسۆزی کۆمیتەی سوئێد، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و درێژەدانی ڕێگای پڕ لەسەروەری شەهیدان و ڕێبازی پیرۆزی دێموکڕاتی بە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی سپارد.

حەسەن زارعی ناسراو بە مام حەسەن سەرسپی ساڵی ١٩٣٩ی زایینی لە گوندی (سەڵوات ئاوا) لە دەڤەری سنە لە دایک بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵیدا رێگەی باشوری کوردستانی گرتەبەر و لە دەڤەری هەڵەبجە نیشتەجێ بوو. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی باشوری کوردستاندا چەکی ئازادی نیشتمانی لەشان کرد و تا ساڵی ١٩٧٥ و تێکچونی شوڕش لە سەنگەری بەرخۆدان دا مایەوە. دوای ساڵی ١٩٧٥ی زایینی جارێکی تر گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنە درێژەی بە ژیانی ئاسایی خۆی دا بەڵام بیر و هزری بە ئازادی نەتەوە و نیشتمانەکەیەوە مژوڵ بوو.

لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد، مام حەسەن سەرسپی خێرا چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و جارێکی تر چووەوە سەنگەری ئازادی کوردستان و یەکێک لە فەرماندە دیار و بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە بوو کە چەندان وانەی نەبەزی و بوێری لەو قۆناغەدا تۆمار کردووە. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە ناوچەکانی سنە، کامیاران، کرماشان، مەریوان و بنکەی ناوەندی حیزبی دێموکراتدا لە بناری قەندیل ئەرکی جۆربەجۆری بە ئەستوە بووە و لە هەموو ئەرکەکانیدا بەوپەڕی دڵسوزیەوە سەرکەوتوو بووە. حەسەن سەرسپی ساڵی ١٩٩٦ی زایینی و دوای تۆپبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەهۆی بەساڵداچووییەوە ناچار بوو ڕوو لە هەندەران بکات و لە وڵاتی سوید مافی پەنابەری وەرگرت.

لە وڵاتی سوئێدیش مام حەسەن یەکێک لە ئەندامە چالاک و دڵسۆزەکانی کۆمیتەکەمان بوو و هەمیشە و بەردەوام لە چالاکی و بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بەشداری کردووە و ڕۆڵی کاریگەریشی هەبووە لە هاندان و پشتیوانی کردنی کۆمیتەکان و ئەندامنی حیزب لەو وڵاتەدا. مام حەسەن سەرسپی لە ژیانی پێشمەرگایەتی لە کوردستان و لە ژیانی پەنابەری لە هەندەران وەفادار بە ڕێبازی دێموکڕات و خەمخۆری دۆزی ڕەوای گەلەکەی و هەموو کورد و کوردستان بە گشتی بوو. بەداخەوە مام حەسەن سەرسپی، دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەبات، وەک تێکۆشەرێکی رێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بە ئاواتی ڕزگاری نیشتمانەکەی و گەڕانەوە بۆ زێدەکەی، چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا و دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لەلێدان کەوت.

وەک کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموكڕات لە وڵاتی سوئێد وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسووکاری مام حەسەن بە تایبەتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان بە گشتی دەکەین و لەگەڵ ڕۆحی هەرگیز نەمری مام حەسەن پەیمان دەدەین کە تا هاتنەدی ئاوات و ئامانجەکانی درێژەدەری ڕێگای پیرۆزی بین و دەست لە تێکۆشان بەرنەدەین. یاد و ناوی مام حەسەن هەر بەرز و زیندوو ڕادەگرین و ڕۆحی پاکی شاد بێت.

بە سپاسەوە.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی سوئێد ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ی زایینی بەرامبەر بە ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی