سنـە؛ بەهۆی سیاسەتی رێژیمەوە لە گەندەڵترین پارێزگاكانە

بەپێی تازەترین راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە تەندروستی و شەفافییەتی ئیداری، پارێزگای سنە یەکێک لە گەندەڵترین پارێزگاکانە لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

بەپێی ئاماری وەرزیی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، لە پێوەری تەندروستی و شەفافییەتی ئیداریدا پلەی پارێزگای سنە لە چاو ساڵی پێشووتر 10 پلە دابەزیوە.

راپۆرتەکە بەپێی 21 پێوەر لە تەندروستی و شەفافییەتی ئیداری و ئابووری هەروەها پشتگیریی بەرپرسان لە سەرمایەنانەوە لە پارێزگاکاندا ئامادە کراوە. لە پێوەری ئاستی پەرەسەندنی بەرتیل لە فەرمانگەکاندا هەروەها لە پێوەری بێ بەڵێنیی حکومەت و کۆمپانییە حکومییەکان بۆ جێبەجێکردنی گریبەستەکان، پارێزگای سنە پلەی چوارەم و لە ئاستی پشتگیرینەکردنی بەرپرسانی پارێزگا لە سەرمایەدارانی خۆبەخش پلەی حەوتەم و لە پێوەری پەرەسەندنی کاڵای قاچاخدا لە پلەی دووەمی خراپترین پارێزگاکانی ئێراندایە.

راپۆرتەکانی ناوەندی ئامار، بانکی ناوەندی و ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، هەموویان باس لە خراپبوونی دۆخی ئابووری و چاودێریی پارێزگای سنە دەکەن و هیچ ئاسۆیەکی روونیش لەوەی کە بەرپرسانی پارێزگاکە رێکارێکی دیاریکراویان بۆ دەرچوون لەم دۆخە گرتبێتە بەر بەدی ناکرێت.

سەرچاوە: رووداو