سەرووی 11 ملیۆن نەخوێندەوار لە ئەنجامی سیاسەتی رێژیم

کوردستان میدیا: ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی خوێندەواری لە ئێران باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هیچ خوێندەوارییەکیان نییە نیزیک بە ٩ میلیۆن کەسە بەڵام ئامارە جیهانییەکان دەری دەخەن کە ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ١١ میلیۆنە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس لەم ڕاپۆرتەدا وتوویەتی: سەرەڕای بوونی ٣ بەرنامە و پلانی ستراتێژی بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری، هەنووکە نەزیک بە ٩ میلیۆن کەس نەخوێندەوارمان لە ئێراندا هەیە؛  بەڵام ئامارەکانی بانکی جیهانی لەسەر ئەم پرسە باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی کەسانی خوێندەوار لەبەرامبەر هەموو حەشیمەتی ئێران لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێراندا ٦٥% بووە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتووەتە ٨٥%، بەم پێیەش ڕێژەی نەخوێندەوارانی ئێران زیاتر لە ١١ میلیۆن کەسە.

بەپێی ئامارەکانی یونسکۆش ٢%ی لاوانی ژێر ٢٤ ساڵ لە ئێران هیچ خوێندەوارییەکیان نییە؛ لە حاڵێکدا کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتانی دراوسێی ئێران لەوانەش ڕووسیە، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، تورکەمەنستان و تورکیە، کەمتر لە ١% و تەنانەت ٠%ە.

بەپێی ئەم ئامارانە زۆرترین نرخی نەخوێندەواری لە ئێران لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، سنە، ورمێ، لوڕستان و ئەردەبیلە کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی تێدا نیشتەجێیە.