بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاکسپاردن و کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان بۆ پێشمەرگەی کەمئەندام مەنسوور پیرۆتی

بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاکسپاردن و کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان بۆ پێشمەرگەی کەمئەندام مەنسوور پیرۆتی

 

ڕۆژی هه ينى ڕێکەوتی (٢١ی بەفرانبار) بەرامبەر بە ١١ ى جانوارى ٢٠١٩ ى زايینى، لە شاری ستۆکهۆڵم تەرمی پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبەکەمان -مەنسوور پیرۆتی- لەنێو ئاپۆڕای بەرینی هاوڕێیان، هاوسەنگەرانی لەمێژینەیی و بنەماڵەکەیدا، بەخاکسپێردرا.

دوابەدوای بەخاکسپاردنەکە و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی، بەشداران بەرەوە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان کەوتنە ڕێ.

کاتژمێر ٢ی دوای نیوەرۆ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و دۆستان و هاوڕێیانی بنەماڵەی پیرۆتی، لە مەڕاسیمێکی تایبەتیدا کۆڕێکی پرسە و ڕێزلێنان لە نەمر -مەنسوور پیرۆتی- بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بەسروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بەپێوە ڕاوەستان بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی نەتەوەکەمان بەتایبەتی هاوڕێی کۆچکردوو کاک مەنسوور، دەستی پێکرد.

کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران وەک پێکهێنەری ئەو مەڕاسیمە پەیامێکی پێشکەش  کرد کە لە لایەن بەڕێز ساڵح پاڵانییەوە خوێندرایەوە.

بەڕێز پاڵانی بەبۆنەی لەدەستدانی یەکێک لە ئەندامە هەرە وەفادارەکانی حیزبەکەمان وێڕای دەڕبڕینی هاوخەمی و پەژارە ئاوڕی لە کەسایەتی و ڕابردووی خەباتی کاک مەنسوور دایەوە و تێکۆشان و قوربانیدانی ناوبراوی لەڕێگای ڕزگای گەل و نیشتماندا بەرز نرخاند. لەبەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو کە ئەوە خەبات و بەرەنگاری قارەمانانی وەک کاک مەنسوور و هاوسەنگەرانی بووە کە ئێستاش ڕەوتی خەبات هەروا درێژەی هەیە و لاوان پۆل پۆل بەشانازییەوە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕاسانەوەی ئەمجارەی حیزبەکەمان پشت ئەستوور بە وەفاداری و دڵسۆزی ئەندامانی وەک کاک مەنسوورە کە تا دواساتەکانی ژیانیشی بیر و هزر و دڵی هەر لەلای پێشمەرگە و چیاکانی کوردستان بوو. لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتبوو نەوەیەکی نوێ لە لاوانی وڵات لەأێر ناوی (ڕاسانی شار و شاخ) لە تێکۆشان بەردەوامن تا ئاوات و ئامانجە وەدینەهاتووەکانی کاک مەنسوور و مەنسوورەکان بێننەدی و ناو و ڕێبازیان زیندوو بهێڵنەوە.

 

لەبەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکەدا ژیاننامەی کاک مەنسوور پیرۆتی لەلایەن بەڕێز قادر مێهفەرەوە بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبەوە خوێندرایەوە. بەڕێز مێهفەر لە ژیاننامەکەیدا ئاماژەی بە چەند قۆناخی گرنگی ژیانی نەمر پیرۆتی کرد و یەک لەوانیش پەیوەستبوونی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات بوو کە بە بیروباوەڕێکی قوڵ و بڕوایەکی بەهێزەوە بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە ڕزگاریدەری نیشتمانی داگیرکراو  وپشتیوانی سەرەکی خەڵکی کوردستان هەر هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. لەبەشێکی دیکەی ژیاننامەکەدا ئاماژە بە قارەمانەتی و ئازایەتی ناوبراو لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەدا دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرابوو کە بە گیانبازی و لەخۆبووردییەکی کەموێنە لە چەندین داستان و حەماسەی بەرگریدا وەک پێشمەرگەیەکی هەڵمەتبەری چاونەترس ڕۆڵێ سەرەکی هەبووە.

لەبەشێکی دیکەی ژیاننامەکەدا باسی برینداربوونەکانی کاک مەنسوور کرابوو، کە لە ٢ جاری یەکەمدا هەر زوو بەر لە ساڕێژبوونەوەی برینەکانی بڕیار دەدات بڕواتەوە ناو سەنگەری بەرگری و هاوشانی پێشمەرگەکانی دیکە بەرپەرچی هێرشی دووژمنی داگیرکەر بداتەوە. بەڵام بەداخەوە برینداربوونی بۆ جاری سێیەم قاچەکانی لەکار دەخات و بۆ هەمیشە دەکەوێتە سەر (ویل چەیر) کە دواتر لەلایەن حیزبی دێموکڕاتەوە بە مەبەستی چارەسەر دەنێردرێتە وڵاتی سوئێد.

قۆناخێکی دیکەی ژیانی کاک مەنسوور کە لە ژیاننامەکەدا ئاماژەی پێکرابوو وەفاداربوون و دڵسۆزی ناوبراو بوو بە حیزبەکەی کە لە دەرەوەی وڵات و لە غووربەتیشدا بێ دوودڵی و گلەیی هەردەم ئامادەی جێبەجێکردنی هەر ئەرک و ڕاسپارەدەیەکی حیزبەکەی بوو و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا بەشداری دەکرد و پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای حیزبەکەی دەکرد و هەموو کات بە تاسەوە بوو بۆ بیستنی هەواڵی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبەکەی.

لەبەشی کۆتایی ژیاننامەکەیدا باس لە هاوسەرەکەی خاتوو هێلێن و سۆڕانی تاقانەکوڕی کرا کە هاودەم و پاڵپشتی کاک مەنسوور بوونە بەتایبەتی هێلێنی هاوسەری کە وێڕای ڕێزدانان بۆ ڕابردووی کاک مەنسوور، پشتیوان و یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینەی ژیانی کاک مەنسوور پیرۆتی بووە.

بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسیمەکە خوێندنەوەی پەخشانێکی هەستبزوێن بوو لەلایەن بەڕێز حامید دروودی پێشمەرگەی کەمئەندام و هاوڕێی دێرینی نەمر پیرۆتییەوە خوێندرایەوە کە لەدرێژەدا بیرەوەرییەکی کورتیشی سەبارەت بە چۆنیەتی برینداربوونی کاک مەنسوور بۆ جاری سێیەم گێڕایەوە.

دوابەدوای ئەوە پەیامی سەرەخۆشی کاک حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتیخاری ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکڕات و هاوکات سەمبوولی پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبی دێموکڕات کە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی تیرۆرکرانی ناوبراوە و لەلایەن حیزبی دێموکڕاتەوە وەک ڕۆژی کەمئەندامانی سەنگەر دیاریکراوە، پێشکەش بە بنەماڵەی نەمر پیرۆتی و هاوسەنگەرانی کرد.

بەڕێز شیوەسەڵی لە پەیامەکەیدا وێڕای بەداخبوون و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو لەسەر کەسایەتی کاک مەنسوور دوا و وتی کە وەک لاوێکی بەهەست هەر زوو ئۆگری دەشت و چیاکان دەبێت و بەهیوا و هومێدی پێشمەرگانەوە چۆ ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە. کاک مەنسووری ڕۆڵەی قارەمانی مەیدانی بەرەنگاری، هوونەری وەفاداری و فیداکاری لە زۆر مەیدانی خوێناوی سامناک و سەپاودا فێرببوو. بەداخەوە لە ئاخرین ئاڵقەی زنجیرەی بەربەرەکانێیە شۆڕشگێڕانەکانیدا تیری کوێری خوێنمژان پێکای و هەردووک پێی لەکەر کەوتن. پەککەوتەیی و ئاوارەیی و ژیانی تواناپڕووکێنی سەر ڕەوڕەوەی کەمئەندامی زەڕەیەک لە ئیمان و بڕوا و ئیرادەی دانەشکاندبوو و بە دیداری هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی شادمان دەبوو و بەتاسەوە بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەبوو. لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاواتی خواست کە ئاڵقەی ڕەشی مەرگی خەباتکاران تووشی پسان بێت و ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی هەر ئاوا ئاوەدان و پڕ ڕێڕەو بمێنێتەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسیمەکەدا پەیامی هاوخەمی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (هاوڕێیانی پێشوو) لەلایەن بەڕێز حەسەن ئەهوەن خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا هەریەک لە بەڕێزان سەید ئەحمەد حوسێنی هاوڕێی دێرین و ناسیاری بنەماڵەی پیرۆتی هەروەها عەباس یاری پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبی دێموکڕات و هاوڕێی دێرینی کاک مەنسوور، چەند وتەیەکیان لەسەر کەسایەتی و ژیانی پێشمەرگانەی ناوبراو پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا و بە زمانی سوئێدی بەڕێز جوێل کوردە (کوڕی پێشمەرگەی کەمئەندام و هاوڕێی دێرینی کاک مەنسوور بەڕێز عوسمانە کوردە)، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێز جوێڵ دوای دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کاک مەنسووری وەک سەرمەشقی ژیانی خۆی بینیوە و شانازی پێوەدەکات کاتێک دەبینێ لەگەڵ بابی و هاوڕێیانی دیکەیاندا بەشێک لە جەستەی خۆیان لەڕێگای خەباتدا لەدەست داوە بەڵام لەجاران بەهێزتر لەسەر بیروباوەڕ و ڕێبازەکەیان بەردەوامن و گوێ بە سەختی و زەحمەتییەکانی ژیان نادەن.

دوابڕگەی مەڕاسیمەکە وتەی سوپاس و پێزانینی کۆمیتەی گشتی حیزب بوو لە وڵاتی سوید کە لەلایەن بەڕێز کاکەبرا ئەلیاسییەوە سوپاس لەبەشداری ئەندامانی حیزبی و میوانان و دۆستانی بنەماڵەی پیرۆتی کرا و جارێکی دیکە پرسە و هاوخەمی کۆمیتەی حیزبی گەیاندەوە بنەماڵەی نەمر پیرۆتی و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی.

 

 

بە سوپاسەوە/

کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد

١٣/٠١/٢٠١٩