كۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید

كۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید سەردانی پێشمەرگەی دێرین كاک مەنسوور پیرۆتی كرد

بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی كەمەندامانی حیزبی دێموكڕات و هەروەها لەبەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پیشمەرگەی كوردستان، ڕۆژی یەكشەممە ١٦ی دیسامبری ٢٠١٨ی زایینی شاندێك بە نوێنەرایەتی كۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید سەردانی پێشمەرگەی كەمەندام و تێكۆشەری دێرینی حیزبەكەمان كاک مەنسوور پیرۆتییان لەشاری ستۆكهۆڵم كرد و لە نزیكەوە هەواڵی تەندرووستی و سەلامەتیان پرسی و ئارەزووی لەشساخی و زوو چاک بوونەوەیان بۆ خواست كە بەداخەوە ماوەیەكە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشییەكی دژوار دەكات.

كۆمیتەی حیزب لەو سەردانەدا بەنیشانەی ڕێزگرتن و بەرزنرخاندنی خەبات و قوربانیدان، تابڵۆیەكی ئەمەگناسی و وەفاداری پێشكەش بە كاک مەنسوور كرد.

كاک مەنسوور پیرۆتی (١٣٤٦ی هەتاوی-كۆچی) لەدایكبووی میرەدێی سەر بەشاری سەقز، لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لەدوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پەیوەست بەڕیزی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران دەبێت و لەهێزی شەهید (عەزیز یووسفی) بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەپۆشێ. كاک مەنسوور وەک پێشمەرگەیەكی ئازا و بەبیروباوەڕ لە چەندین داستان و حەماسەی خۆڕاگری و بەرگریدا قارەمانانە بەرگری لە خاک و خەڵكی نیشتمانەكەی دەكات و چەند جاریش بریندار دەبێت. بەداخەوە دوایین جار لەساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا بەسەختی بریندار دەبێت كە بەهۆی كاریگەری برینەكەیەوە توانای جووڵەی لاقەكانی بۆ هەمیشە لەدەست دەدات و دواتر لەسەر بڕیاری حیزب بۆ چارەسەر و پێڕاگەیشتنی باشتر دەنێردرێتە وڵاتی سوید كە تا ئێستاش هەر ئەندام و پێشمەرگەی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە.

كاک مەنسوور ساڵی ١٩٩١ی زایینی لەگەڵ كچێكی ڕووسووری بەڕەچەڵەک فینلاندی بەناوی (هێلێن) ژیانی هاوبەش پێكدێنێ و بەرهەمی ئەو ژیانە سەربەرز و بەختەوەرەیان كوڕێكە بەناوی (سۆران) كە ئێستا قوتابی ساڵی دووەمی دواناوەندییە.

حیزبی دێموكرات بەپەرۆشەوە خوازیاری باشتربوونی تەندرووستی كاک مەنسوورە و ئارەزوو دەكات ئاوات وئامانجەكانی كە نزیک بە چل ساڵە خەباتی بۆ دەكات بێتەدی و ئازادی و ڕزگاری كوردستان بە چاوی خۆی ببینێ.

بەسوپاسەوە/