ژیاننامەی خەباتکاری دێرین کاک کەریم حەداد

کاک کەریم حەدداد ڕۆژی چواری گەلاوێژی ساڵی ١٣٠٩ی کۆچی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی کوردی نیشتمانپەروەر دا لە دایک بووە.
هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ئەوە کە باوک و خاڵەکانی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوون لە گەڵ سیاسەت و نیشتمانپەروەری ئا شنا بووە هەر لەو کاتانە دا کە تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە لە گەڵ کۆمەڵیک لە هاو تەمەنانی لە شاری سەردەشت یەکییەتی لاوانی دێمۆکڕاتیان دامەزراندووە و خۆشی بوو بە یەکیک لە ئەندامانی چالاکی یەکیەتییەکە.
پاش تێپەڕینی چەند ساڵ بە سەر رووخانی کۆماری کوردستان وبووژانەوەی حیزبی دێمۆکڕات بوو بە ئەندامی حیزب و وەک ئەندامێکی کارا و چالاکی حیزب دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد، هەر بەو هۆیەوە وەک نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب کە لە گوندە سونێی باشووری کوردستان پێک هات، هەڵبژێردرا.
دوای کۆنگرەی دووهەمی حیزب و گیرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ساڵەکانی ٣٧ و ٣٨ کاک کەریم وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا و لە گەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لە ژێر زەبر و زەنگی رێژیمی پاشایەتی دا دەستیان بە تێکۆشان کرد.
کاک کەریم یەکێک لەو کەسانە بوو کە جیا لە ئەرکی خزمەت لە ناو حیزبەکەی خۆی دا خزمەتێکی زۆری جووڵانەوەی باشووری کوردستان دەکرد، ئەو بە ناوی توجارەت جل و بەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی بەشێکی پێشمەرگەکانی باشووری دابین دەکرد.
لە جەریانی جووڵانەوەکانی ٤٦ و ٤٧ دا یەکێک لە هاوکارانی نزیکی شەهیدان مەلا ئاوارە و سولەیمان موعینی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە پاش دەستگیرکرانی مەلا ئاوارە بە نا چاری لە بەر ئەوەی نەکەوێتە مەترسیی دەستگیرکرانی لە لایەن رێژیمی شاوە، ئاوارەی باشووری کوردستان بووە.
لە باشوور لە گەڵ ئەو هاورێیانەی کە پاش تێک شکانی جووڵانەوەی٤٦ و ٤٧ گەڕابوونەوە باشووری کوردستان یەک دەگرنەوە و تێکۆوشانی حیزبی دەست پێدەکەنەوە.
هەر لەو سەردەمانەدا کە ماڵی لە قەلادزێ بووە دەکەوێتە بەر هێرشی پیاوەکانی رێژیمی شا و نارنجۆکی دە ماڵەکەی دەهاوێن کە بە خۆشییەوە زیانی گیانی لێ ناکەوێتەوە.
لە دوای نسکۆی ٧٤ کە ئەندامانی حیزب بە هۆی ناکۆکی لە شیوازی بەرێوە بردنی ئەرکی حیزبیدا لێک هەڵبڕابوون بە هیممەتی بەشێک لە کادرە سەرەکییەکانی حیزب یەک دەگرنەوە و کنفرانسی سێهەمی حیزبی دەگرن، لەو کۆنفرانسە دا کاک کەریم وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەی تا گیرانی کۆنگری سێهەم بە ئەستۆوە بوو. لە کۆنگرەی سێهەمیش دا کاک کەریم بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێتەوە، لەو کۆنگرەیە دا کاک کەریم بە هۆی لێهاتوویی و خۆشەویستییەوە زۆرترین ژومارەی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وەدەست دێنێ.
لە پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی کادر و رێبەرایەتیی حیزب بۆ ناو خۆی وڵات کاک کەریم وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت دیاری دەکرێ و رێکخراوی شارستانی سەردەشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکاتەوە.
لە دوای کۆنگرەی چوارەمی حیزب کاک کەریم وەک ئەندامی موشاویری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ .
لە پاش دامەزراندنی ستادی پێشمەرگە (شوورای نیزامی) کاک کەریم وەک ئەندامی ئەو ستادە دیاری دەکرێ، دوای گیرانەوەی شاری مهاباد لە لایەن رێژیمەوە کاک کەریم ئەرکی فەرماندەیی هێزی شەهید موعینیی پێ دەسپێردرێ و هاوڕێ لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی ناوچەی سەردەشت وەک کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی دەستبەکار دەبن و بۆ چەند ساڵ ئەو ئەرکەی بەڕیوە بردووە.
کاک کەریم پاش کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک بەرپرسی بەشی تەداروکاتی نیزامیی حیزب دیاری کرا و هەتا دوای کۆنگرەی شەشەمی حیزب و تەمەنی ٦٥ ساڵی ئەو ئەرکەی بەرێوە برد.
کاک کەریم لە تەمەنی ٦٥ ساڵی دا بە هۆی نەخۆشی خانەنشین دەبی و وەک ئەندامێکی بە وەفا و باوەڕ پێکراوی حیزب لە گەڵ خەت و رێبازی حیزبەکەی مایەوە.
لە کونگرەی حەوتەم و نۆهەمی حیزب دا بە هۆی باوەڕپێکراوی و خۆشەویستییەوە وەک میوان بەشداری کۆنگرە بووە.
لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٩٩٢ی زایینی(١٣٧١ کۆچی هەتاوی) وەک پەنابەر کوردستانی بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە و لە ساڵی ١٩٩٣هاتوە بۆ وڵاتی سوئێد و هەتا دوا ماڵاوایی هەر لەو وڵاتە مایەوە.
لە ماوەی ساڵانی نیشتە جی بوونی لە سوئێد وەک ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و رێبواری رێگای شەهیدان پێشەوا قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی بە خەبا ت دا و هەر بە هۆیەوە خۆشەویست و باوەڕ پێکراوی دۆستان و هاورێیانی بوو و رێز و حورمەتێکی زۆری لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە لێدەگیرا.

Image may contain: 1 person, close-up
Image may contain: 1 person, close-up
Image may contain: 2 people, people standing and outdoor

90

People reached

10

Engagements