کاک کەریم حەداد خەباتکاری دێرین دوا کۆچی کرد

کاک کەریم حەداد خەباتکاری دێرین دوا کۆچی کرد

ئاسنگەرێک لە ڕەگەزی کاوەی ئاسنگەر ماڵاوای لە نەتەوە و نیشتمان کرد.

ئەمرۆ کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی رۆژی ٢٢ی نوامبر نەمر کاک کەریم حەداد ماڵاوی یەکجارەکی لە گەڵ و نیشتمان کرد.

ئەم پاییزە چ پاییزێکی زیزە، چ وەرزیکی خەمبار و ناتەمیزە، بۆچی ژیان لە بنەماڵەی حەدادەکان وا بە گوریزە.  سەر قافڵەکۆچی ئەم پایزە  کیژە نازەنینەخەباتکارەکە  نەسرین حەداد و هاوسەر و خالۆزای  تێکۆشەرمحەمەد حەسەنپوور و نێوان قافڵە، خەباتکار حاجی حوسێن حەدادی مامی و دوا قافڵە و قافلەوانی کاروانی کۆچمان نەسرەوتوو وبە رابووردوو نەمر کاک کەریم حەدادە. باوکە و دوا ڕەوی قافڵەی کیژ و برا و خاڵۆزایە….

کەریم حەداد(ئاسنگەر) دوای      ساڵ خەباتی بێ وچان و   …ساڵ تەمەن  وەک هەموو پێشەوا و ڕیبەر و خەباتکارانی ڕاستەقینەی ڕێبازی رزگاری بە ئاوات و ئارەزووی  دەستەبەرکردنی ئازادی و رزگاری نیشتمان و نەتەوە سەری نایەوە و دەفتەری پڕ لە شانازی و ئەزموونی بیرەوەریەکانی بۆ نەوەکانی دوایی خۆی جێ هێشت.  کەریم حەداد لەو دەگمەن خەباتکار و سەرۆک و سەرکردانەوە بوو کە هەموو تاکەکانی بنەماڵەی خۆی وەک خۆشک و برا، کوڕ و کچ، ئامۆزا و خوارزا و خاڵۆزا و زاوا و تەنانەتی خزمانی دووریشی بە ویژدان و شەرافەت وکەڕامەتی ئینسانی نیشتانپەرسی و نەتەوەدۆستی دەرس دادابوو و بارهینابوو و پەروەردەی کردبوو. بەشداری  لەشکرێک لە حەدادەکان و حەکیمزادەکان و حەشەنپوورەکان لە خەباتی رزگاری دا بەرهەمی پەروەردەی دەستی پاک و بیری ڕووناکی کەریم حەدادن.

کەریم حەداد سەردەمانێک ڕێبەرە و سەردەمانیک فەرماندە و پێشمەگەی نیو سەنگەر… لە شەڕدا لە ئاگر سوورترە و لە هێورکردنەوەی دڵانی زامداردا لە ئاو ڕەوانتر. کەریم حەداد ئەو پێشمەرگە چەک لە شانە بوو کە بۆنی هەموو گوڵەکانی کوردستانی بۆ کردبوو، لە ژێر سایە هەموو داربەرو و دارە گویز و دار و دەوەنەکانی کوردستان سابۆوە، لە سەر هەموو دوندنی کوێستانەکانی کوردستان سەنگەری گرتبوو، لە هەموو ئەوشکەوت و زەندۆڵەکانی کوردستان شەوارە و حاشارگەی تەنی بوو، لە هەموو کانیاوەکانی کوردستان ئاوی خواردبۆوە و دەستنوێژی نیەت پاکی خەباتی هەڵگرت بوو، خۆرەی رووبار و کانیاوەکانی کوردستان و گرڤەی تافگەی شەڵماش و سوێری ئاوی دەریای ورمێ ی جێشت بوو. بە جاران لە زێی گەورە و چووک پەڕیبۆوە و لە ئاوی سیروان و گۆلی دووکان و چەمی ئاراس و بادینان بە مەلەباسکە پڕی بۆوە. لە هەموو سەردوند و لاپاڵ و گەوەی کوێستانەکانی برایم جەڵال،  بڵفەت،  گیارەنگ، هەوارەبا و داڵانپەڕ ئەوەباسکەوباسک کردبوو. ڕێباز و کوێرەڕيێەکانی کوردستان خشپەی پێ و گوڵ و دار و دەونی کوردستان بۆنی ئارەقەی ئەم ڕێبوارەیان دەناسیەوە و هەست پی دەکرد. مار لە ترسی دەخزی و دڕندە لە سامی دەتەزی… کەریم حەداد ئەو ڕێبوارەی ڕێگای ئازادی بوو کە نەک حەوت، هەفتاکاڵەی ئاسنی لەم ڕێبازەدا دڕی، هەزاران مەترسی بە گیان و ژیان کڕی.

ئەو ڕێبوارێک بوو نە قەت لە سام ترسا و نە قەت لە راست دژمن حەبسا.  ئەم ڕێگایەی تا سەر بە شانازی پێوا. کەریم حەداد ناو و ناسنامەیەکی ئاشنا و تەبا بۆ گەڵ، بۆ خاک، بۆ ئاو، بۆ هەراو، بۆ دیار و نەیار… کەریم حەداد ئەو هەڵۆیە بوو کە باڵەکانی بە باڵای باڵی باڵا، ئالای رزگاری کوردستانیان دەشەکاندوە.

ئەگەر کاوەی ئاسنگەر جارێک لە دژی زوحاکی ماردۆش ڕاپەڕی، ئەم ئاسنگەرە هەموو تەمەنی ژیانی….. ساڵەی لە دژی زوحاکانی تاج بەسەر و تەپلەپۆش و عەمامە لەسەر و حەبا بە دۆش دەڕاپەڕین دابوو.

کەریم حەداد ئەو کەسەبوو گا لە زیندانان و گا لە بەندەنان،  گا لە نەویان و گا لە بڵندان، گا لە گەرمین و گا لە کوێستان، نە بەهاری دەناسی و نە زستان… هەر دەم گیان لەسەر دەستان بوو.

کەریم حەداد پێشمەرگەیەکی بێ مەرگە، دەگەڵ خەبات هاودەنگە، هەرگیز لێک نابڕین و هەردەم پێک دەبڕێن. حەداد هاوزادی خەبات و ئاودێری داری نەباتی خەبات و ڕێبوارێکی هەنگاوتوندی ڕێگای نەجاتە. خۆسکەم دەخواست لە دوای ماڵاوای حەداد  هەر بە کوتکەکەی ئاسنگەری دەست خۆی کێلی بان سەری دەکوترا و پارچەمەکی بەرسینگی ئاسنگەری  دەبۆ باڵاوپۆشی و تفەنگەکەی دەبۆ دەستەملانی جەنازەی بێ ناز سەربازی ون. ئەو سەربازە ونەی کە بە دوور لەو نیشتمان و گەلەی بۆی ژیا و بۆی مرد، لە بێدەنگیەکی مات و کڕ و لە سەرمایەکی سەخت و سڕ دا چۆ باوەشی خاکی وڵاتێکی دوورە وڵات. بنوو ڕاحەت بنوو سەربازی گومناو، خەباتکاری ناکاو، پێشمەرگەی هەر دەم لە سەنگەر، پیری زورهانی دەربەدەر، بنوو، ڕاحەت بنوو… تۆ نامری و ناوت وەک ڕەمزی ناوی خەباتکارێکی مەزن هەر دەمێنێت و ڕیگات هەر درێژەیدەبێ.