ڕێوڕه‌سمی یادی دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ چوو

كۆمیته‌ی سویدی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سێمینارێكی بۆ یادی دۆكتور سه‌عید شه‌ره‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی به‌ڕێوه‌ برد.

ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٥ی سێپتامبر له‌ هۆڵی شیستا ترێفی شاری ستۆكهۆڵم و به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌كێك بێ ده‌نگی بۆ یادی هه‌موو شه‌هیدانی كورد و كوردستان ده‌ستی پێكرد.

پاشان په‌یامی كۆمییته‌ی سویدی حیزب له‌ لایه‌ن كاكه‌برا ئه‌لیاسی به‌رپرسی كۆمیته‌ خوێندرایه‌وه‌. له‌ په‌یامی كۆمیته‌ی سوید جه‌خت له‌ سه‌ر نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی وه‌فاداری له‌گه‌ڵ شه‌هیدان و ڕێبازه‌كه‌یان كرابوویه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی سێمیناره‌كه‌، دوكتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ باسێكی سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری‌ بیره‌وه‌ری، مێژوو و كه‌سایه‌تیه‌كان و رۆڵی ئه‌م دوو فاكته‌ره‌ له‌ سه‌ر دروست كردنی شۆناس پێشكه‌ش كرد. سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری بیره‌وه‌ری ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ “گۆڕی ئیعدامكراوان و شه‌هیدانی دیكه‌ دیار نیه‌، ئه‌مه‌ش پیشان ده‌دات كه‌ دوژمن هه‌وڵ ده‌دات به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بیره‌وه‌ریه‌كانمان بسڕێته‌وه”‌.

دوكتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی كه‌سایه‌تیه‌كان له‌ ناو مێژوو دوو پرسیاری وروژاند: “ئه‌گه‌ر هیتله‌ر نه‌با شه‌ری جیهانی دووهه‌م ڕووی ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر چیرچیل نه‌با هاوپه‌یمانان ده‌یانتوانی له‌ سه‌ر دوژمن سه‌ركه‌ون”. به‌م شێوه‌ ناوبراو جه‌ختی له‌ سه‌ر گرینگی بوونی كه‌سایه‌تیه‌كان له‌ ناو مێژووی گه‌لان كرد و له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی كورد ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی دوكتور قاسملوو و دوكتور سه‌عید كرد كه‌ له‌ ناو ئاكادیمیسیه‌نه‌ كورد و غه‌یری كورده‌كان جێگایه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌. ناوبراو درێژه‌ی دا به‌ باسه‌كانی و وتی: “له‌ مێژوودا به‌ پێی پێداویستی كاتی، كه‌سانێك په‌یدا ده‌بن كه‌ رۆڵی خۆیان له‌ هه‌موو كه‌س باشتر ده‌گێڕن، نه‌بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ سه‌رده‌مانێك ده‌بێته‌ هۆی لاوازی خه‌بات”.

دوكتور ئه‌حمه‌دزاده سه‌باره‌ت به‌ نووسینی ژیاننامه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ مێژووییه‌كانی كورد‌‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی ئاراسته‌ی حیزب و ڕۆشنبیره‌كان كرد و وتی “به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بیانی بیه‌وێ له‌ سه‌ر ژیانی كه‌سێك وه‌كوو دوكتور سه‌عید یان دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی بزانێت، هیچ په‌رتووكێك به‌ زمانی ئینگلیزی بوونی نیه‌”.

هاشم ئه‌حمه‌دزاده‌ له‌ كۆتایی باسه‌كه‌ی، به‌ گرێدانی دوو فاكته‌ری بیره‌وه‌ری و كه‌سایه‌تیه‌كان، جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ “ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ ئێمه‌ و له‌ شۆناسی ئێمه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ژیانیان بنووسرێته‌وه‌، هه‌م وه‌كوو ژیاننامه‌ و هه‌م له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆمان”.

له‌ درێژه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ دوكتور خالید خه‌یاتی باسێكی له‌ ژێر سه‌ردێڕی “له‌ دوكتور سه‌عیده‌وه‌ هه‌تا قه‌ڵای كۆیه‌، سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێ و چه‌ند ڕامانێك” پێشكه‌ش كرد. ناوبراو باسه‌كه‌ی خۆی به‌ پیشاندانی چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ ئیعدامكراوانی كورد، هێرش بۆ حیزبی دێمۆكرات، وشك بوونی گۆلی ورمێ، كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیم له‌ كوردستان و كۆڵبه‌رانی كورد، ده‌سپێكرد. پاشان سه‌باره‌ت به‌ تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی، دوكتور خالید خه‌یاتی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا كرده‌وه‌ی حكوومه‌تێكی سته‌مكار نیه‌، به‌ڵكوو له‌ عه‌قڵانیه‌تێكی تایبه‌ت سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. له‌ سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه‌ش ناوبراو وتی كه‌ “ئه‌م كرده‌وانه‌ به‌ستێنی مێژوویی، فه‌رهه‌نگی و ئابوورییان هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی هۆویه‌تین”.

دوكتور خالید خه‌یاتی سه‌باره‌ت به‌ دیالكتیكی نێوان كوردبوون و ئێرانی بوون وتی كه‌ “كورد وه‌كوو ئۆبژه‌یه‌كی مۆسته‌عمره‌كراوه‌ و ده‌بێت به‌ شه‌رتی ئه‌و هه‌ستێ و دانیشێ. بۆیه‌ دوژمن هه‌وڵ ده‌دات كه‌ هه‌بوون و هوویه‌تی كورد بسڕێته‌وه‌. داهێنه‌ری كورد، وه‌كوو كۆچه‌ر بیركار، به‌ ناو ئێرانی ده‌ناسرێت. كورد له‌ ڕوانگه‌وه‌ی ئه‌واندا له‌ باشترین حاڵه‌ت بوونه‌وه‌رێكی فولكلۆرییه‌. به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌ كورد به‌رگری ده‌كات”.

دوكتور خالید خه‌یاتی له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌ی خۆی و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌رگری، چه‌ند پێشنیارێكی ئاراسته‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد كرد، وه‌كوو هه‌بوونی دیسكۆرسی هاوبه‌ش، یه‌كگرتوویی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماسی هاوبه‌ش.

لە ئەو سمینارەدا ئەم برووسکەی هوخەمیانە گەیشتە دەست کومیتەی سوید.

پەیامی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کومیتەی سوید

پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان سوید

پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان باکوور

پەیامی بزووتنەوەی دێموکراتیکی یارسان

پەیامی فیدراسیونی کۆمەلەکوردستانیەکان لە سوید

پەیامی هاوبەشی یەکیەتی لاوان، یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کورستانی ئێران و یەکیەتی کوردان

ئه‌م سێمیناره‌ به‌ پێشكه‌ش كردنی دوو خه‌ڵات بۆ هه‌ریه‌ك له‌ دوكتور هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌ و دوكتور خالید خه‌یاتی، له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی سویدی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه‌ كۆتایی پێهات.