بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی کومیتەی سوید دوو دیداری ئەنجام دا

رۆژی ٢٦ی ئاگوستی ٢٠١٨ كۆبوونه‌وه‌ی هێزی هاوكاری‌ سیاسیه‌كانی كورد و كوردستانی به‌ به‌شداری ١٢حیزبی كوردستانی له‌ ستۆكهۆڵم به‌رێوه‌ چوو. نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هاورێ ئه‌میری سوڵتانی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هێزی هاوكاریدا چه‌ندین بابه‌تی رۆژ و رووداوه‌كانی ئه‌مدوایانه‌ی كوردستان تاو و توێ كران. هێزی هاوكاری به‌ تێكرای ده‌نگ دژی گۆرینی دێموگرافیای ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵوێستی گرت و له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوژمنكاری و جینایه‌تهه‌كانی رێژیمی ئاخوندی كۆماری ئیسلامی ئێران كرا. له‌وبه‌شه‌دا نوێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌مه‌ر ته‌قه‌ كردن و كوشتنی كۆڵبه‌ران و هه‌روه‌ها سووتاندنی ژینگه‌و دارستانه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌تی تۆپبارانكردنی ئه‌م دوایانه‌ی ناوچه‌ دارستانیه‌‌كانیمه‌ریوان كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی چوار ژینگه‌ پارێزی كورد له‌ كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگردا باسێكی پێشكه‌ش كرد. هێزی هاوكاری كوردو كوردستانیه‌كان به‌ پێویستی زانی كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو بكاته‌وه‌ و جینایه‌ته‌كانی كوماری ئیسلامی
ئێران به‌ بیرورای گشتی رابگه‌یه‌نێ.

نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه كوردستانیه‌‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ سوئێد به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی كورده‌كانی سوئێد كرد
دوای نیوه‌رۆی رۆژی ٢٦ی ئاگوستی ٢٠١٨ له‌ بنكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گوڵان له‌ ستۆكهۆڵم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رین بۆ شه‌ش كاندیدی كوردی په‌رله‌مانی سوئێد له‌ چه‌ند حیزبی جیاواز پێكهات. ته‌وه‌ره‌ی باسه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌مه‌ر هه‌ڵبژارده‌نه‌كانی پارله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی و پارێزگاكانی سوئێد بوو كه‌ بریار وایه‌ له‌ رێكه‌وتی٩ی مانگی سێپته‌مبه‌ری داهاتوودا به‌رێوه‌ بچێ. هه‌ركام له‌ كاندیداكان باس و خواسه‌كانی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن پێشكه‌ش كرد. پاشان‌ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه تێكه‌ڵی باسه‌كان بوون و روونكردنه‌وه‌و پرسیاره‌كانی خۆیان هێنایه‌ به‌رباس.
له‌وكۆبوونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌ری حیزبی دێموكرات توانی له‌ نێزیكه‌وه‌ چاوی به‌ كاندیداتۆره‌كان بكه‌وێ و چه‌ندین باسی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رۆڵی ئه‌وان وه‌كوو كورد له‌ په‌رله‌مانی سوئێد و مافه‌كانی كوردان له‌و وڵاته‌ و هه‌روه‌ها پێشێلكردنی مافه‌ سرووشتیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ ئێران و ناوچه‌كه‌دا هێنایه‌ گۆرێ.