لە شاری کاڵماری وڵاتی سوید یادی ٢٧ ساڵەی شەهیدانی وییەن د. قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی۲٤یژولیەی ۲٠۱٦ی زایینی، کومیتەی کالماری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوکاری کومیتەکانی یەکێتی ژنان و لاوانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری کالمار، سەبارەت بە بیستوحەوتەمین ساڵیادی تیرۆر کردنی رێبەری گەورە و ناوداری نەتەوەکەمان شەهید دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی، سیمینارێکی لە ژێر ناوی” گرێدانی خەباتی شاخ و شار، دەرفەت و ئاستەنگەکانی” بۆ بەڕێز دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی بە بەشداری هێزو لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخست.

سیمینارەکە بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ ریز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان کاک جەلالی (سۆفی) ئەلیاسی بەرپرسی کومیتەی کاڵماری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و تیشکی خستە سەر ئامانج و گرنگی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار بۆ ڕەوەندی کورد لە شاری کالمار.

دواتر بەڕێز ئیدریس ئەحمەدی وەک کۆڕگێڕی ئەو سیمینارە، لەو پێوەندییەدا باسەکانی خۆی پێشکەش کرد.

لەو سیمینارەدا بەڕێز ئەحمەدی، باسێکی سیاسی پڕنیوەڕۆکی لەسەر ڕۆڵی ئێران لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی پێشکەش کرد. شایانی باسە،  ڕاسان وەک بزووتنەوەیەکی مێژوویی و موودێڕن، و ئامانج و گرنگییەکەی ڕۆڵی حیزبی دیموکرات لە وەڕێخستن و ڕێبەریکردنی ئەم بزووتنەوە نوێیە بەشێکی دیکەی باسەکەی کاک ئیدریس بوون.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئامادەبووان پرسیار و بۆچوونەکانیان خستەڕوو،  لەلایەن کاک ئیدریسەوە بە وردی وڵام درانەوە.
سیمینارەکە پاش دوو کاتژمێر و نیو، بە دروشمی” بژی کورد، بژی کوردستان” کۆتایی هات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کاڵمار ٢٤ی ژولیەی ٢٠١٦ی زایینی،