تۆرێکی تێرۆریستی سەر بە رژیمی ئێران دۆزرایەوە

کوردستان میدیا: لێپرسراوانی دەوڵەتی بەحرین هەواڵی دۆزینەوەی تۆڕێکی تێرۆریستی٥٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان بڵاو کردەوە.

دوینێ شەممە ڕێکەوتی ٤‌ی مارس لێپرسراوانی ئەمنیەتیی بەحرەین تۆڕێکی تێرۆریستی ٥٤ کەسیان دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە بەحرەین ئاشکرایان کردووە بە پێی دوایین زانیارییەکان ئەم رێکخراوە تێرۆریستییەی سەر بە ئێران ویستوویانە کردەوەی تێرۆریستی لە نێو خاکی بەحرەیندا ئەنجام بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش پلانداڕێژییان کردبوو.

دەستبەسەر کراوان دانیان بەوە‌دا ناوە کە لانیکەم لە ٦ ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستی جۆراوجۆر لە بەحرەین بەشدارییان کردووە.

هاوکات لە گەڵ گیرانی ئەم کەسانە کۆمەڵێکی بەرچاو چەک و تەقەمەنیش دەستی بە سەر‌دا گیراوە کە ئەم تێرۆریستانە بە تەما بوون لە دژی هێزە ئەمنیەتییەکانی بەحرەین کەڵکی لێ وەر بگرن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی بەحرەین هەواڵی لەم چەشنە بڵاو دەکاتەوە؛ ساڵی ڕابردووش دەوڵەتی بەحرەین ڕایگەیاند دەزگا ئەمنیەتییەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە تۆڕێکی تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی بدۆزنەوە کە ٤٧ ئەندامی هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش لە دووایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پرسی تێرۆریزم لە جیهاندا کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک سەرەکیترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.

بە هۆی دەوری نەرێنی ڕێژیمی تاران لە تێکدانی دۆخی ناوچە و هەوڵدان بۆ ناسەقامگیر کردنی وڵاتانی رٶژهەڵاتی ناڤین تا ئێستا چەندین جار لە لایەن ئامریکاوە کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ژێر گەمارۆ.