سپاسنامە

 

خزمان، دۆست و هاوڕێیانی خۆشەویست…!

ڕێز و سڵاو…!

 

وەک ئاگادارن چەن ڕۆژ پێش لە ڕێکەوتی ١١ ـ ١ ـ ٢٠١٨ی زایینی، دایکی خۆشەویستمان ” جیهان مەجیدی” لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بۆ دوایجار ماڵئاوایی لێ کردین.

سەرەڕای ئەوەی کە هەموومان دەزانین ڕۆژێک لە ڕۆژان بە هەر هۆیەک و هەر شێوەیەک بێ ماڵئاوایی لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەم ژیانە دەکەین.

 

ئەوەش دەزانین کە باوک و دایک بۆ کەس تاسەر نامێنێ، بەڵام  بە ماڵئاوایی کردنی یەکجارییان بۆشاییەکی گەورە و خەم و پەژارەیەکی بێ سنوور دەخەنە نێو بنەماڵە و بەتایبەت دایک کە هەمیشە پشت و پەنا و گەورەترین خەمخۆری بنەماڵەیە و بۆ جگەرگۆشە و نەوەکانی نەک هەر خزمەت کردن و شەونەخونی، بگرە گیانیشی دەکات بە قوربانییان.

بۆیە لە خۆڕا نییە کە نازناوی دایک بە خاک و نیشتمان بڕاوە. دایک هیندەی نیشتمانێک گەورە و دڵ فراوانە، بۆیە هەرچییەکی بۆ بکرێ هێستا هەر شایستەی لەوە زیاترە.

 

لەو پێوەندییەدا، خەڵکێکی زۆر لە خزم، هاوڕێ و ئاشنایان لە وڵاتی سوید، نەرویج، فینلاند و بریتانیا لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و کۆڕی ماتەمینی دایکمان بە چەپکە گوڵ و پەیامی سەرەخۆشییەوە بەشداریان کرد.

هاوکات کۆمەڵێکی بەرچاویش لە دەرەوەی سوید و نێوخۆی وڵاتەوە، لە ڕێگای تەلەفۆن ، ئیمایل و فایسبووکەوە پێوەندییان گرتووە و پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان ڕاگەیاندووە.

 

لێرەدا بە پێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم چەن دێڕەوە،  سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو ئازیزانە بکەین کە لەو پێوەندییەدا لەگەڵمان بوون و ئەو خەمە گەورەیان لەگەڵدا بەشکردووە.

 

سوپاس بۆ کومیتەی گشتی و کومیتەی شاری ئێسکیلستونای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە پەیامی هاوخەمی و چەپکە گوڵەوە بەشدارییان کردووە.

سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆڕە ماتەمینییەدا هاوکارمان بوون.

هیوامان تەندروستی، خۆشی و بەختەوەری هەموو لایەکتانە.

لەگەڵ ڕێز و حورمەتی بنەماڵەکانی مەجیدی و ئینفرادی.

 

تێبينيى
ئامادەکردن...