مۆحسێن ڕەزاییش هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد

سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، مۆحسێن ڕەزایی هاوشێوەی پاسدار سەلامی دەستی دایە هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پاش ئەوەیکە پاسدار سەلامی ماوەیەک لەمەوپێش لە نوێژی هەینی تاراندا هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و کاردانەوەی زۆری لە دنیای مەجازی و میدیاکاندا لێکەوتەوە، مۆحسێن ڕەزاییش بۆ خۆدەرخستن ئەم باسەی جارێکی‌تر ورووژاندەوە.ناوبراو لە بەرنامەی “نگاه یک” لە کاناڵ یەکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم تۆمەتی بێ بنەمای پشتیوانیکردنی عەرەبستانی سعوودی لە شۆڕشی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات جارێکی‌تر هێنایە بەرباس و ڕوو لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت مەسعود بارزانی وتوویەتی ئەگەر پێش بە جموجۆڵەکان نەگیرێت ئۆپەڕاسیۆنی لەنێوبردنی کوردستانی عێراق دەس پێدەکات.لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری تەشکیلاتی و سیاسی لە نێوخۆی وڵات جەولەیان دەکرد لە چەندین شوێندا کەوتنە بەر پەلاماری هێزە دژی گەلی و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کە لەئەنجامدا دەیان کەس لە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران و سەدان کەسیشیان بریندار بوون.ئەم قسانەی ڕەزایی لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئێران لە هەلومەرجێکی ناسکی سیاسیدایە و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەش خێرا و خێراتر بوونەتەوە و ناوبراویش بە کەسێکی خاوەن جێگە و پێگە و شوێندانەر ناناسرێت.

کوردستان میدیا: