بەشداری هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی لە پرسەی باوکی شەهید (فاخر ڕەحمانی)دا

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ ئوکتوبری ٢٠١٧ شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید، لە پرسەی خوالێخۆشبوو مام ” ئیبراهیم ڕەحمانی ” باوکی شەهید ” فاخر ڕەحمانی ” و خاتوو ” نادیە ڕەحمانی ” بەشداری کرد و لە نزیکەوە هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی گەیاندە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو بەتایبەتی خاتوو ” نادیە ڕەحمانی ” ئەندامی چالاک و دڵسۆزی حیزبەکەمان لە وڵاتی سوید کە دەکاتە خوشکی شەهید فاخر و کچی مام ئیبراهیم ڕەحمانی.

لەو کۆڕی پرسە و سەرەخۆشییەدا کە لە شاری ڤێسترۆس لەلایەن بنەماڵەی کۆچکردووەوە دانرابوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبەکەمان و خزم و ناسیاوی ئەو بنەماڵەیە تێیدا بەشداربوون.

شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، مام “ئیبراهیم ڕەحمانی” باوکی شەهید “فاخر ڕەحمانی” خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد. مام ئیبراهیم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست بوو و بە هۆی ئەوەیکە تەسلیمی داواکارییەکانی ڕێژیم نەدەبوو چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی داگیرکەر ئەشکەنجە درابوو. شەهید “فاخر ڕەحمانی” ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕ لەدایک بووە و شەهید فاخر کادری پلە ٤ی حیزبی دێموکرات لە کۆمیتە شارستانی ورمێ بوو، کە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی زینی لە شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان شەهید بوو.

تێبينيى
ئامادەکردن...