ڕاسان پرۆژەیەکی سیاسی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا

جەماڵ فەتحی (کۆچەر)

زۆربەی بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی دنیا لە حاڵەتێکدا سەریان هەڵداوە، کە دیکتاتۆرەکان ویستوویانە لە ڕێگای ئامرازەکانی هێز و دەسەڵاتەوە ڕێککەوتنێکی مڵکەجبوون لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگادا ساز بکەن و کۆمەڵگا ملکەجی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و ئەدەبیاتێک لە سەر کۆمەڵگا زاڵ بکەن کە لە ڕاستای دەسەڵاتی ئەواندا بێت و سەروەری ئەوانی تێدا گارانتی کرابێت.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کە بەشێک لە هەستیارترین بەشەکانی ئەم جوغرافیای ئیستراتیژیکییەیە، پاش شەڕی یەکەمی جیهانی یەکێک لەو شوێنانەن کە لە نێوان زلهێزەکانەوە بووەنتە مەیدانی ململانێی سیاسی و نیزامییەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم ناوچەدا زۆربەی پێداویستییەکانی دوو جەمسەری دنیا، واتە جەمسەری ڕۆژئاوا و جەمسەری رۆژهەڵات دابین دەکرێت و جیا لە دەوڵەمەندیی ناوچەکە لە باری داهاتە ژێر زەوینییەکانەوە، لە باری هەڵکەوتەی جوغرافیاییەشدا خاوەن ئیستراتیژییەکی باشە. ڕۆژهەڵاتی ناوین سێ قوڕنەی ئاسیا و ئافریقا و ئورووپا پێکەوە گرێ دەدات، کە بۆ بەدەستەوە گرتنی بازاڕی جیهانی گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە.

کوردستان کە لە ڕێککەوتنامەی سایکس ـ پیکۆ لە نێوان چوار وڵات (ئێران ـ عێراق ـ تورکیە ـ سووریە) لە دوای شەڕی چاڵدوران بۆ دووهەمین جار دابەش کرا و نەتەوەی کورد پاش حکوومەتی ماد خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و سەروەریی خۆی نەبووە، لە ساڵی ١٨٨٠ی زایینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری بە شێوەیەکی نێوە ڕێکخراوەی لە پێناو بە دەست هێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان بزاڤێکی ڕزگاریخوازی ڕێکخست کە دوو بەشی دیکەی کوردستان واتە باشوور و ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە؛ کە یەکەمین بزافی کوردی لە قەڵەم دەدرێت. هەر چەندە شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد هەموو بە ئامانجێکی پیرۆز و نیشتمانی دەستی پێکردووە بەڵام زۆربەیان لە فورمێکی نەتەوەیی ـ ئایینی و نەتەوەیی ـ خێڵەکی خۆیان دەرخستووە و بە هۆی هەلومەرجی ناوچە و ئەو فەزایەی کە بە سەر کوردستانی ئەو کات زاڵ بووە، نەکراوە یان تێگەیشتنی سیاسیی شۆڕشەکانی کورد لەو ئاستەدا نەبووە کە لە بازنەی بزاڤێکی کلاسیک و نەریتی خۆیان ڕزگار بکەن و ئەو پتانسیل و وزە نەتەوەیی و نیشتمانیانە کە لە کۆمەڵگای کوردیدا پەرشوبڵاو بوون لە چوارچێوەیەکی مودێڕن کۆ بکەنەوە.

پاش شەڕی جیهانی دووەم کە دونیا لە نێوان دوو جەمسەری زلهێزەکانەوە دابەش بوو، کوردستانیش لەودابەشبوونە بێبەری نەبوو و جوغرافیاکەی لە نێوان ئەو دوو جەمسەر دابەش کرا. هەروەها ڕۆژهەلاتی کوردستانیش کە زیاتر لە هەزار ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندیی نەتەوەی باڵادەستی فارس و ئێرانییەکان دان لە ژێر کاریگەریی ئەم دابەشبوون و ئاڵۆگۆڕە سیاسییانەی ناوچەدا بێبەش نەبوو، پاش ئەوەی کە ئێران بەهۆی نزیک بوونەوەی لە هیتلێر و ئاڵمان لە نێوان موتەفقین کە دژبەری ئاڵمانی نازیزم بوون دابەش کرا، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دوو بەش دابەش کرا، کە بەشی خوارەوەی کوردستان هەتا سەقز لە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا بوو و بەشی سەرەوەی کوردستان بۆ ماوەیەک بۆشاییەکی سیاسیی و حکوومەتیی پێوە دیار بوو و حکوومەتی ناوەندیی لە باری دابین کردنی ئەمنییەتی ناوچەکە زۆر لاواز و بێهێز ببوو و ناوچەکە حاڵەتێکی ناسەقامگیری بە خۆ گرتبوو، لە لایەکیشەوە ڕووسیە کە چاوی تەماحی لە نەوتی باکووری ئێران بڕیبوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی پێویستی بە هاوپەیمانگەلێکی خۆجێی هەبوو؛ ئەو بەشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ نەتەوەی تورکی ئازەری هاوسنوور بوون لە ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی بە شێوەیەکی نهێنی ڕێکخراوەیەکیان بە نێوی کۆمەڵەی ژێکاف یان ژیانەوەی کورد دامەزراندبوو، کە ئەو کۆمەڵە لە کەسانێکی ڕووناکبیر و نیشتمانپەوەر پێک هاتبوون کە هەستیان بە ئاڵۆگۆڕەکانی جیهان بە گشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی‌ناوین کردبوو، بۆیە بە پێویستیان زانی کە لەو سەردەمە دەبێ نەتەوەی کورد بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ رێک بخرێن و لە دەور ئامانجێکی گشتی واتە ڕزگاری نەتەوەی کورد کۆ بکرێنەوە.

هەر چەندە کۆمەڵەی ژێکاڤ لە سەرەتا لە کەسانێکی ئایینی ـ نەتەوەیی پێک هاتبوو، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆمەڵە ڕزگاری نەتەوەیی بوو کە دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی وەکوو حیزبێکی مودێڕن و پێشکەوتووخواز بە نێوی حیزبی دێموکرات لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە خۆی دەرخست و لە بەرنامە و پەیڕەوی خۆی ئالۆگۆڕی بنەڕەتی پێک هێنا، هەروەها چەند مانگ پاش دامەزرانی ئەم حیزبە کە لە سەر بنەما دێموکراسییەکان دامەزرا بوو، کۆماری کوردستان لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی لە لایەن پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەیندرا، کە بە قۆناغێکی گرنگ و هەستیار لە مێژووی کورد دەژمێردرێت.

حیزبی دێموکرات و بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات کە حەوت دەیە لە پێناو دێموکراسی و مافی نەتەوەیی کورد لە خەبات و بەربەرەکانی بە دژی دوو حکوومەتی ناوەندیی ئێران (پاشایەتی و ئاخوندیی) دایە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا چەندین قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە و چەندین شێوازی خەباتی تاقی کردووەتەوە، کە هەر کام لە سەردەمی خۆیدا کاریگەر و شوێندانەر بوون؛ بەڵام بە هۆی هەلومەرجی ناوچە و سیاسەتی پاوانخوازانەی حکوومەتە ناوەندییەکان هەروا لە قۆناغی خەبات و تێکۆشانی سیاسی دایە، سەرەڕای هەموو کەندو کۆسپەکان بەڵام هەتا ئێستەش وەکوو یەکێک لە حیزبە شویندانەرەکانی ئێران لە ئەژمار دێت کە هەم توانای خەباتی چەکداری هەیە و هەم توانای خەباتی مەدەنی و جەماوەری، بەڵام لە قۆناغێکدا بە هۆی لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پارچەیەک لە کوردستان خەباتەکەی لە حاڵەتی چەکداریی و خۆدەرخستن لە ناوخۆی وڵات بۆ خەباتی سیاسیی و راگەیندراوەیی گۆڕیبوو.

پاش نزیک بە ٢٥ ساڵ دابەزین لە شاخ و گۆڕینی خەبات لە شێوازی شاخ بۆ خەباتی سیاسیی لە قۆناغی ئێستەدا کە زۆربەی وڵاتانی دنیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین ئاڵۆگۆڕی سیاسییان بە سەردا هاتووە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەستی بەوەی کردووە کە دەبێت لە سیاسەتەکانی خۆی ئاڵۆگۆڕێکی بنەڕەتی پێویست پێک بێنێ و بە پشتبەستن بە ڕابردوویەکی قایم و پڕبەها دیسان وەکوو هەمیشە بەڵام جیاواز لە پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتێکی نوێ و خەباتێکی گشتگیرتر بە نێوی “ڕاسان” دەست پێ بکات. ئەم خەباتە نوێیە کە زیاتر وەکوو پرۆژەیەکی سیاسیی لە قەڵەم دەدرێت و بە خوێندنەوەی شێوازەکانی خەباتی نەتەوەی کورد و ئەو وڵاتانەی کە چارەنووسیان هاوشێوەی چارەنووسی نەتەوەی کوردە، بە گشتی و شێوازەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات وەکوو بەرنامەیەکی تۆکمە لە وەها قۆناغێکدا هاتووەتە گۆڕێ کە بە چەندین هۆکاری سیاسیی بەشێکی کوردستان واتە رۆژهەڵات لە هاوکێشەسیاسییەکاندا پەرواێز کەوتووە.

هەرچەندە ڕاسان وشەیەکی تازە نییە و حیزبی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵی نامۆ نین، بەڵام ڕاسانی نوێ لە بەراورد لەگەڵ ڕاسانی کۆن تەنیا پرۆژەیەکە بۆ واتادار کردنی خەباتێکی بەربڵاو و عەقڵانیی کە وڵامدەری زۆربەی پرسیارەکانی کۆمەڵگای کوردەوارییە و بە پشت بەستن بە خەباتی شاخ و ڕابردوو، خەباتێکی نوێ لە جۆری خەباتێکی مودێڕن ڕێک دەخات کە بە ئەزموون وەرگرتن لە پارامترەکانی خەباتی پێشووتر هێندێ پارامتری نوێ لە خەباتی دوارۆژی کورد زەق دەکاتەوە کە بە هۆی زاڵبوونی فەزای سیاسیی ـ سۆزداریی و ناسیونالیزمێکی ڕۆمانتیک لە پەراوێزدا بوون و ڕێگایان بە ناسیونالیزمێکی مودێڕن کە ئامانجە سەرەکییەکەی سەرخستنی کۆمەڵگایەکی نەتەوەیی ـ مەدەنییەنەداوە.

ڕاسانی نوێ کە بەرنامەیەکی بەربڵاوە، ڕاستەوخۆ لە گەڵ چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەرەوڕووە، بە هۆی ئەوەی کە ڕاسان خەباتێکی عەقڵانیە ئاگاداری ئەوەیە کە زۆربەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەسانێک پێک هاتوون کە لە باری کۆمەڵایەتییەوە لە ناوەندی کۆمەڵگا هەڵکەوتوون و لە بواری شوێندانەرییەوە دەتوانن ئاراستەی سیاسیی کۆمەڵگا بگۆڕن و لە باری کولتووریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی وەکوو خاڵێکی ناوەندیی کۆمەڵگا قورسایی ئەم پرۆژە نوێیەی ڕۆژهەڵات وە ئەستۆ دەگرن. جیا لەم تایبەتمەندییانە کە باسیان لە سەر کرا خاڵی پێوەندیی نێوان چێنی باڵادەست و خوارەوەی کۆمەڵگای کوردین و سەرچاوەی تواناییەکانی ڕۆژهەڵاتن و لەگەڵ پێوەرەکانی ڕاسانی نوێ لەبار و گونجاوە.

لە خەباتی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات خۆی وەکوو حیزبێکی پێشڕەوی کۆمەڵگایەک دەزانی کە لە بواری پێگەیشتن و ئاستی سیاسییەوە شوێنکەوتووی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوون، بەڵام لە ئێستەدا بە هۆی پێشکەوتن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات هاوتەریبی هێزە سیاسییەکان و بگرە لە سەرووتریش بن، بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا ناوەندی زانیارییەکانە و هێزێکی مرۆیی زۆری لە خۆ گرتووە، دەکرێت وەکوو باڵێکی بەهێزی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەور بگێڕێت، کۆمەڵگایەک کە مەڵبەندی فرە ڕەهەندیی و کولتووری جۆراوجۆرە، دەفرایەتی ئەوەی هەیە کە لە باری کولتووریی و فرەچەشنییەوە لە ڕاسانی نوێ کاریگەر بێت و کولتوورە جیاوازەکان لە دەوری بەرنامەی ڕاسان کۆ بکاتەوە، تاکەکان لە وەها کۆمەڵگایەک بە بەرنامەیەکی عەقڵانیی و مودێڕن، باشتر لە پێشوو دەتوانن خۆیان ببیننەوە، لە بەر ئەوەی هەر تاکێک هەست بەوە بکات کە ڕێز بۆ کەسایەتی و تواناییەکانی دانراوە. بەم شێواز ڕاسان لە ناخی هەر تاکێک کۆمەڵگا ڕیشە دادەکوتێت و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن.

ڕاسان شێوازێکی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئامانجی گرێدانی خەباتی شاخ و شارە و هەر کام لەم شێوازانە پێناسەیەکی نوێی بۆ کراوە و لە ڕوانگەیەکی نوێ پرسی کورد دەخوێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات و مکانیزمی سیاسیی بۆ دەبینێتەوە. لە ڕاسانی نوێیدا نکۆڵی لە خەباتی ڕابردوو ناکرێت بەڵکوو بە ئەزموون وەرگرتن لە خەباتی ڕابردوو دەچێتە نێو قۆناغی نوێتر لە خەبات کە پێشتر تاقی نەکراوە و خەباتی شاخ لە فازێکی دیکەوە تەشنە دەکاتە خەباتی جەماوەری و شارەوە، کە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا لە بەر دەگرێت، لەم ڕەوتە تازەدا کە بەپێی ویست و داخوازی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دێموکرات هەستی بەو بەرپرسایەتییە کرد و لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی وەکوو قۆناغیکی نوێ ڕاسانی نوێی ڕاگەیاند، ڕاسانێک کە عەقڵیەتی شۆڕشگێری ڕەخنەگرانەی بە سەردا زاڵە و کەمتر ئاوڕ بۆ عەقڵیەتی حەساوگرانە دەداتەوە و یەکێک لە ڕەخنەکانی لە مێژووی خەبات و بزافی کورد ئەوەیە کە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا خۆیان لە فورمێکی رزگاریدەر پێناسە کردووە، هەتا فورمێکی رزگاریخواز و کۆمەڵگایان هەمیشە چاوەڕوانی خۆیان کردووە.

ڕاسان بەرنامەیەکی تەواو و گشتگیرە کە کۆمەڵگا بە هەموو ڕەهەندە جیاوازەکانییەوە دەتوانێت دەوری تێدا بگێڕێت، چون کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان کۆمەڵگایەکە کە تاکەکانی کەشی سۆزداریان تێپەڕاندووە و لە خولەکێک دەیان زانیاری جۆراوجۆر ئاڵۆگۆڕ دەکرێت و مێشکی تاکی کۆمەڵگا وەکوو مێشکی کامپیوترەکە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئابدەیت دەبێتەوە. ئەم خەباتە نوێیە کە هەڵقوڵاوی ویستی کۆمەڵگایە، ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە بەپێی ئالۆگۆڕەکانی کۆمەڵگا بگۆڕدرێت و شانبەشانی کۆمەڵگا هەنگاو هەڵبگرێت و دەوری ڕێکخەری بگێڕێت نەک ئەوەی تەنیا خۆی بە پێشەنگ و پێشرەوی خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات بزانێت.

تێبينيى
ئامادەکردن...