نوێنه‌ری پێوه‌ندییه‌کانی حیزب چووه‌ پارله‌مانی سوید

ڕێکه‌وتی 3ـ 10 ـ 2017 واته‌ ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ حه‌مید ته‌یموری نوێنه‌ری پیوه‌ندییه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران له‌ وڵاتی سوید به‌ فه‌رمی چووه‌ پارله‌مانی ئه‌و ولاته‌و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی و پارله‌مه‌نتارانی حیزبی چه‌پ خاتوو یاسمین پووسیو نیلسونYasmine posio Nilsson و ئووله‌ سڤان Olle Svhan  دیدار و چاوپێکه‌وتنی ئه‌نجام دا. له‌م دیداره‌ دا کۆمه‌ڵێک خاڵیان له‌ سه‌ر کوردستان به‌ گشتی ئاڵوگۆر کرد که‌ له‌ خواره‌وه‌ باسیان ده‌که‌م:

سه‌ره‌تا نوێنه‌ری پێوه‌ندییه‌کانی حدکا سپاسی نوێنه‌ری حیزبی چه‌پی کرد بۆ ئه‌و کاته‌ی به‌ ئه‌مانیان داوه‌و پێویستیشه‌ که‌ نوێنه‌ری حیزبه‌کان یه‌ک ببینن و کۆمه‌ڵێک کیشه‌ و باس هه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕی بکه‌ن و بیانخه‌نه‌ به‌ر باس و لێکۆڵیبه‌وه‌. نوێنه‌ری حیزبی چه‌پیش سپاسی حیزبی کرد و وتی ئه‌وانیش پێویستیان به‌ زانیاری نوێ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر کوردستان و ناوچه‌که‌ به‌ گشتی.

ـ ته‌وه‌ری یه‌که‌می باسه‌که‌ له‌ سه‌ر گشتپرسی باشوری کوردستان بوو که‌ له‌ 25 سێپتامبردا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ئه‌نجام درا و زیاتر له‌ 93 له‌ سه‌دای ده‌نگی به‌ به‌ڵی بوو. ئینجا باسی کێشه‌کانی دوای رێفراندۆم کرا. نوینه‌ری پێوه‌ندییه‌کانی حدکا وتی که‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوان بوون که‌ وڵاتانی رۆژئاوایی و زلهێزه‌کان و به‌تایبه‌تی وڵاتی سوید پشتیوانی له‌ گشتپرسی کوردستان بکه‌ن که‌ چی وه‌ڵامه‌کانیان نه‌رێنی بوون دژ به‌ گشتپرسی گه‌لی کورد و چوونه‌ به‌ره‌ی نه‌یارانی کورده‌وه‌. باشه‌ بۆ هه‌رده‌م که‌ پێشمه‌رگه‌ی کورد له‌گه‌ڵ داعشدا له‌شه‌ڕدا بوو‌ وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ ببووه‌ وێردی سه‌ر زمانی وڵاتانی رۆژئاوایی و زلهێزه‌کان و ده‌یان وت پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی ئێمه‌ش ده‌کا و پاڵه‌وانی مه‌یدانه‌، که‌ چی ئێستا پێچه‌وانه‌ی ده‌بینین. ئه‌ی بۆ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ولاتان به‌ گشتی باسی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن فڵان وڵات مافی مرۆڤی پیشێل کردووه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ پێشێل کردنی مافی کورد نیه‌ که‌ هه‌موو دنیا دژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕاوه‌ستاوه‌و ده‌یانه‌وێ به‌ هه‌ر نرخێک بووه‌ ئێراده‌ی گه‌لی کورد بشکێنن و ئه‌و گشتپرسییه‌ که‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ له‌ نێو به‌رن. ته‌یموری وتی ئێمه‌ وه‌ک کوردی سویدی چاوه‌ڕوانیمان له‌ وڵاتی سوید نه‌بوو که‌ ئه‌ویش له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌نگی خۆی به‌ نه‌رێنی بخاته‌ پال نه‌یارانی کورده‌وه‌.

نوینه‌ری حیزبی چه‌پ وتی ئێمه‌ وه‌ک حیزبی خۆمان پستیوانی خۆمانمان به‌ گه‌لی کورد راگه‌یاندووه‌و هه‌رده‌میش یارمه‌تی ده‌ر ده‌بین بۆ مافی ڕه‌وای خۆیان، ئه‌وه‌شمان باس کردووه‌ که‌ ئه‌م پرسه‌ش بێ گرفت نابێ.  وه‌کو ده‌وڵه‌تی سویدیش وتومانه‌ که‌ ئه‌و پرسه‌ بێ کێشه‌ نیه‌ و ده‌بێ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

ته‌وه‌ری دووهه‌می باسه‌که‌: باسی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێران و تورکیه‌ وحه‌شدی شه‌عبی ده‌سکردی ئێران و به‌غدای ئیران بوو که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران ده‌که‌ن و به‌تایبه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ رۆژ دوای رۆژ په‌ره‌ده‌سینێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ دوو ساڵی رابردوو دا ده‌ستی به‌ چالاکی کردووه‌ و پێشمه‌رگه‌کانی حدکا له‌ نێو خۆی کوردستانی ئێران و له‌ نێو خه‌ڵکدا بوونیان هه‌یه‌ و ته‌بلیغاتی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، و ئێرانیش له‌و بواره‌دا ترسی لێ نیشتووه‌و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌ گه‌وره‌کان و تابگاته‌ سه‌ره‌وه‌ی رێبه‌ری ئێران هه‌ره‌شه‌ی بۆردمان و له‌ نیوبردنی حدکا ده‌که‌ن. هه‌رچه‌ند پێشمه‌رگه‌کانی حیزب له‌ کێوه‌کان و سه‌ر سنوور دامه‌زراون و خه‌ریکی چالاکین. له‌ درێژه‌ی باسه‌که‌دا نوێنه‌ری حیزب وتی له‌ کاتی هه‌لبژاردن له‌ باشوری کوردستان خه‌ڵکی شاره‌کانی مهاباد، سنه‌، سه‌قز، بۆکان، کرماشان و هتد… بۆ پشتیوانی گشتپرسی رژانه‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کاندا و جه‌ژنیان گرت. به‌ڵام ئێران وه‌زاڵه‌ هات و هێزێکی زۆری ره‌وانه‌ی شاره‌کانی کوردستان کردووه‌و له‌ هه‌موو لایه‌کدا میلیتارێزه‌ی کردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئێران گشتپرسی پێ ناخۆشه‌ و هه‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌ ده‌ستکرده‌کان ده‌کا. هه‌رچه‌ند به‌ ڕواڵه‌ت داکو ئێستاش به‌ ته‌واوه‌تی سنووره‌کان دانه‌خراون. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ سپای پاسداران له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی پێکه‌وه‌ له‌ سنوره‌کانی کوردستان و له‌ سنووری قه‌سری شیرینه‌وه‌ مانۆڕی نیزامیان ئه‌نجام داوه‌و خۆیان بۆ هێرش بۆ سه‌ر کوردستان ئاماده‌ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کورد له‌ گشتپرسی پاشه‌کشه‌ نه‌کا. ناوبراو وتی کورد پاشه‌کشه‌ ناکا و پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌ باشیدایه‌ چه‌ له‌ باشور و چ له‌ رۆژهه‌لاته‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ش تورکیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کا که‌ سنووره‌کان له‌گه‌ڵ کوردستان داده‌خا و ده‌لێن نایه‌ڵن خواردن بۆ کوردستان بڕواو خه‌ڵکی کورد برسی ده‌که‌ن و لووله‌ نه‌وتیه‌کانیش ده‌به‌ستن. هه‌رچه‌ند به‌ عه‌مه‌لی تاکو ئێستا هیچیان نه‌کردووه‌. نوێنه‌ری حیزبی چه‌پ وتی که‌ ئه‌وان ئه‌و کاره‌ ناکه‌ن و ته‌نیا ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکی کورد بترسێنن. ئه‌گه‌ریش شه‌ڕ بێته‌ ئاراوه‌ بۆ هیچ لایه‌ک قازانجی نابێ و ئه‌وانیش واته‌ ده‌وڵه‌تی ئێران و تورکیه‌ش زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن. ئه‌و سووده‌ی که‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌که‌وێ مه‌حاڵه‌ شه‌ڕ بکه‌ن.

ته‌وه‌ری سێهه‌م باسی حدکا و ئێران به‌ گشتی بوو. باسی ئێران کرا که‌ به‌ به‌ر چاوی دنیاوه‌ ده‌ستی خستووه‌ته‌ نێو وڵاتانی عێراق، سوریه‌، یه‌مه‌ن و له‌ملاشه‌وه‌ هاندانی حێزبوللا بۆ نانه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ناردنی میلیشیای حیزبوللا و داعش بۆ سنووره‌کانی عێراق و نانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کوردستان و هاندانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر شاری که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری شاره‌که‌ و تۆقاندنی خه‌ڵک له‌ ناوچه‌که‌. هه‌ره‌شه‌ له‌ کورده‌کانی نیشته‌ جێی باشور که‌ به‌ جۆرێک دژبه‌ری رژیمی ئێرانن، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێران کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی خۆی بشارێته‌وه‌ که‌ یه‌خه‌ی گرتوون وه‌ک کێشه‌ی کورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ، ئازه‌ری و تورکمه‌ن و که‌مه‌ ئایینیه‌کانی وه‌ک کریستیان، به‌هایی، جووله‌که‌، یارسان و هه‌تا دوایی. جگه‌ له‌مانه‌ش ئێران له‌ بواری بێکاریدا رکۆردی جیهانی شکاندووه‌و خه‌تی هه‌ژاری له‌ ژیر سفردایه‌. دژایه‌تی دژی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان و ده‌یان کێشه‌ی تری که‌ ئێران به‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌م کێشانه‌ هه‌موو داپۆشێ. نه‌بوونی ئاوی خواردن له‌ ناوچه‌کانی سیستان و به‌لووچستان و ناوچه‌ عه‌ره‌بی نشینه‌کان، نه‌بوونی ده‌واو ده‌رمان و بنکه‌ی ته‌ندروستی، نه‌بوونی مامۆستا و بنکه‌ی ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌ و ده‌یان کێشه‌ی تر، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش نه‌بوونی ئازادی و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ. که‌ چی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئامریکا له‌سه‌ر وزه‌ی ئه‌تۆمی ئیمتیاز به‌ ئێران ده‌ده‌ن و ملیونها دۆلار له‌ لایه‌ن ئامریکاوه‌ ده‌چێته‌ کیسه‌ی سپای پاسداران و ئه‌م سپایه‌ش ئه‌م پارانه‌ خه‌رجی میلیشیاکانی عێراق و سوریه‌ لوبنان ده‌کا و ئاژاوه‌ی پێ ده‌نێته‌وه‌ و ناسه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌ پیک دێنێ. ته‌یموری له‌ درێژه‌ی باسه‌که‌یدا وتی ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوایی و زلهێزه‌کان و وڵاتی سوید پشتیوانی له‌ نه‌ته‌وه‌کانی ئێراندا بکه‌ن وه‌ک کورد و عه‌ره‌ب و به‌لووچ ئه‌وه‌ به‌ کرده‌وه‌ له‌ ئێراندا ئاڵوگۆڕ پێک دێ و سیستمێکی فیدراڵی له‌ ئێراندا ده‌چه‌سپێ.

نوێنه‌ری چه‌پ خاتوو نیلسسون و به‌ڕێز ئووله‌ سڤان وتیان که‌ ئه‌مان ئه‌م کێشانه‌ هه‌موو ده‌زانن که‌ له‌ ئێراندا هه‌یه‌ و نه‌ته‌وه‌کانی تری فشاریان له‌ سه‌ره‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ بواری مافی مرۆڤدا له‌ ئێران جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه‌ و هه‌رچه‌ند وڵاتی سوید بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ و بڕیاریش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ که‌ مافی مرۆڤ له‌ ئێراندا رێزی لێ بگیرێ و پێشێلی نه‌که‌ن. ناوبراو وتی ئێمه‌ له‌و بوارانه‌دا له‌ وتووێژداین له‌گه‌ڵ ئێراندا و حه‌ولی خۆمان ده‌ده‌ین.

له‌ کۆتایشدا نوێنه‌ری حیزبی چه‌پ سپاسی حیزبی کرد بۆ زانیاریه‌کانیان و وتیان که‌ ئه‌م دانیشتنانه‌ ده‌بی به‌رده‌وام بێ ئه‌وان پێویستیان به‌ زانیاری نوێ هه‌یه‌. نوێنه‌ری حیزبیش سپاسی ئه‌وانی کرد بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ ئێمه‌یان داو بیروڕامان گۆڕیه‌وه‌.

ئه‌م دیدارو چاوپێکه‌وتنه‌ له‌ کاتژمێر 10 پێش نیوه‌ڕۆ ده‌ستی پێکرد و کاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆ کۆتایی پێ هات.

تێبينيى
ئامادەکردن...