لە وڵاتی سوئێد سیمینارێک بۆ یادی ٢٥مین ساڵوەگەڕی تیرۆری میکۆنووس بەڕێوەچوو

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ سپتامبری ٢٠١٧لە شاری ئیسکلستوونا لەلایەن کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد سیمینارێک بە بۆنەی ٢٥مین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دکتۆر سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی کە بەدەستی تیرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بێرلینی پایتەختی وڵاتی ئاڵمان تیرۆرکران، بەڕێوەچوو.

لەو سیمینارەدا نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی سوئێد بەشدار بوون و لە دەستپێکیشدا سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” لەلایەن گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا و دواتر بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری کورد و کوردستان خولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.

دوابەدوای ئەوە لەلایەن حەبیب بەهرامی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئیسکلستوونای حیزبەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

لەبڕگەی یەکەمی سیمینارەکەدا دوو پەیام خوێندرانەوە، پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد لەلایەن کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە و هەروەها پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان، ژنان و ناوەندی کوردان لەلایەن مەستوورە سوڵتانییەوە خوێندرایەوە.

لەپەیامی کۆمیتەی گشتیدا وێڕای ئاماژەدان بە کەسایەتی سیاسی و تەشکیلاتی د. شەڕەفکەندی، هاوکات بەشێک لە تایبەتمەندییە بەرچاو و بەرزەکانی ئەو ڕێبەرەش یادی لێکرایەوە کە بۆ تێکۆشەرانی دێموکڕات بوونە سەرمەشق و هەوێنی خۆڕاگری و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان قازی و قاسملوو. بۆ ئەوەش هێمای کرد بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات و گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن حیزبی دێموکڕاتەوە ڕاگەیەندرا و لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەربڕینی پشتیوانی بوو لە جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەحکوم کردنی کوشتنی کۆڵبەران. سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم لە باشووری

کوردستانیش ڕایگەیاند کە ئەوە ویست و ئامانجی خەباتی حیزبەکەمان و بەتایبەتیش شەهید د. شەڕەفکەندی بوو و ئێمەش پشتیوانی لێدەکەین.

لەکۆتایی پەیامەکەشدا ئەلیاسی جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تیرۆری میکۆنووس شەرمەزار کرد و ڕوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش داوای کرد کە ڕێژیمی ئێران وەلابنرێت و ئاسایش و ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی ببێتە بناخە لە داهاتووی ئەو کۆمەڵگا ژێردەستەیەدا.

لەپەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و کورداندا هاتبوو کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کەوتە هەڵەیەکی گەورە کە پێی وابوو بە تیرۆرکردنی د. قاسملوو و  د. شەڕەفکەندی دەتوانێ بەر بە خەباتی نەتەوایەتی و دێموکراسی خوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بگرێ. بەڵام لەڕاستیدا ڕێبەرانمان بیر و ڕێبازێکیان جێهێشتووە کە نەوە دوای نەوە بە شانازییەوە درێژەی پێدەدەن و لەپێناویدا گیانیان بەخت دەکەن.

لە درێژەی پەیامەکەدا خاتوو سوڵتانی ئاماژەی کرد بە دەرەنجام و لێکەوتەکانی پڕۆسەی دادگایی کرانی تیرۆریستانی تیرۆری میکۆنووس و بە بایەخەوە لە ڕۆڵی هۆشیارانە و بوێرانەی دەزگای دادوەری ئاڵمانی ڕوانی و بڕیاری دادگای میکۆنووسی لەوبارەوە بە دەسکەوت بۆ کورد لەقەڵەمدا کە هاوکاتیش توانی ڕووی دزێو و تیرۆریستی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە ڕیسوایی نیشان بدات.

لە بڕگەی دووەمی سیمینارەکەدا سێ باس لەلایەن هەریەک لە د. حوسێن خەلیقی، محەمەد عەلی عینایەتی و سەیدئەحمەد حوسێنییەو پێشکەش کران: بەڕیز کاک زانیار ئەشرەفی بەڕیوەبەری بەرنامەکە هەر یەک لە ئەو هاورییانەی بە کورتی بە بەشداران ناساند.

سەرەتاش بەڕێز د. خەلیقی هاوسەنگەر و هاوڕێی د. شەڕەفکەندی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شیکردنەوەیەکی لەسەر کەسایەتی و بەشێک لەو تایبەتمەندییانەی کە کەسایەتی شەهید د. شەڕەفکەنییان پێکهێنابوو، پێشکەش کرد. هاوکات وێڕای ئاوڕدانەوە لە ئەزموونی هاوڕێیەتیان چ لە قۆناخی پێش لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و چ لە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، هەڵوەستەیەکی کرد لەسەر باوەڕی قوڵی شەڕەفکەندی بە خەباتی نەتەوایەتی و ئاماژەی بە هەڵوێستی ناوبراو کرد کە لە بەرزترین ئاستی زانستی و لە پیسکەوتووترین وڵاتانی جیهانەوە بۆ تیکۆشان لە پێناو نەتەوەکەیدا دێتەوە شاخەکانی کوردستان و لەو ڕێبازەشدا خۆی بەخت دەکات. هەربۆیە بەلای منەوە گەورەترین کەسە و بڕیار و هەڵوێستەکەشی بە پیرۆز دەزانم و جێی شانازییە. خەلیقی لە درێژەدا باسی لە لێهاتوویی ناوبراو لە بەڕێوەبردن و سەکردایەتی حیزبەکەیدا کرد و بە ڕێبەرێکی جیددی و پێداگر و بەرپرسی پێناسە کرد. لەلایەکی دیکەوە پێیوابوو کە ئەوەندە ئیرادەیەکی بەهێزی هەبوو کە توانی بە ئاراستە جیاوازەکان ئاڵووگۆڕی ئەرێنی هەم لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی خۆی بە دەورووبەرەوە پێکبێنێ و هەم مامەڵەکردنیشی لەگەڵ دەورووبەردا زیاتر بگونجێنێ و ئەوەش دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو زۆر بە ڕوونی پێیەوە دیار بوو هەربۆیەش بەزوویی توانی جێگەی ئەومان بۆ پڕ بکاتەوە کە من دەتوانم وەک مامۆستای گۆرانگاری ناوی لێبنێم.

لەکۆتایی قسەکانیشیدا بە ئاماژە بۆ وتەیەکی شەهید د. شەڕەفکەندی وتی کە دەبێ ئێمەش وەک ئەو شەیدای کوردستان بین و خۆنەویستانە بۆ ئازادی و مافەکانمان تێبکۆشین بۆ ئەوەی ڕۆحی ئەوان شاد بکەین و ئاوات و ئامانجەکانیان بێنینە دی.

دوای ئەوە بەڕێز محمد عەلی عینایەتی لە سێ تەوەردا باسەکەی پێشکەش کرد. تەوەری یەکەم ئاماژەیەک بوو بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تیرۆری میکۆنووس لەلایەن تیرۆریستانی سەر بە ئێران و نیشاندانی ئەو ڕاستییەی کە سەرانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەرنامە و پلانی پێشوەختەیان لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی خۆیان داڕشتووە تا زیان بە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنن و ڕێبەرەکەی تیرۆر بکەن. لە تەوەری دووەمدا باسی لە کاریگەرییەکانی بڕیاری دادگای میکۆنووس کرد لەسەر ئێران و ئاماژەی کرد بە پەراوێز کەوتنی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بە بۆچوونی عینایەتی سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕیفۆرمیستی و هاتنەسەر کاری محمد خاتەمیش یەکێک لەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە ویستی لەو ڕێگەیەوە ڕوویەکی دیکە لە خۆی نیشان بدات کەچی نە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و نە زیندانی و نە ئێعدام کەم نەبوونەوە و بەڵکوو سپای پاسداران هەموو جومگە سەربازی و ئەمنییەتی و ئابوورییەکانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و لە راستیشدا چاوپۆشی وڵاتانی زلهێز لەوبارەیەوە دەستی ئێرانی بۆ زێدەرۆێی و سەرەڕۆیی زیاتر کراوەتر هێشتەوە. لە تەوەری سێهەمیشدا لەسەر کەسایەتی نەمر د. شەڕەفکەندی دوا و جەختی کردە سەر نەتەوەیی بوون و کوردستانیانە بیرکردنەوەی ناوبراو. بۆ ئەمەش ئاماژەی دا بە هەوڵەکانی د. شەڕەفکەندی بۆ سەرخستنی بەرەی کوردستانی لە باشووری کوردستان و پشتیوانی بێ کۆتایی لەو بەرەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێمای کرد بۆ تایبەتمەندییە بەرزەکانی بەتایبەتی لەبواری تەشکیلات و سیاسەتداڕیژی و سەربەخۆیی سیاسییدا.

پاشان دوایین کۆڕگێڕ بەڕیز سەید ئەحمەد حوسێنی بە کورتی خوێندنەوەی بۆ گوتارێکی د. شەڕەفکەندی کرد و بە بەراورد بە گوتارێکی د. قاسملوو گەیشتە ئەو ئاکامەی کە هەردووکیان جگە لەوەی خوڵقێنەری بیر و گوتار بوون، لە هەمان کاتدا ڕێبەری شێلگیر و خاوەن ئیرادەو سەربەخۆ بوون کە ئامادە نەبوون ئەو ڕێباز و ستراتیژەی لە خەباتدا گرتوویانەتە بەر لەمپەری بۆ دابنرێ. هەرچەندە پێی وابوو کە هەردووکیان لەئاستی کوردستانی گەورەشدا ئامادەی پشتیوانی و هاوکاری هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان بوون بەڵام هەرگیز خەباتەکەی خۆیان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان نەخستە پەراوێزە.

شایەنی باسە هەرسێ کۆڕگێر لەسەر پرسی ڕیفراندۆم هاوهەلوێست بوون و وێڕای پشتیوانیان لە مافی چارەی خۆنووسین پێیانوابوو کە هەڵوەشاندنەوە یان خستنەدواوەی ئەو پرسە زیان بە شکۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد و ئیرادەی تاک کورد دەگەیەنێت بۆیە پێویستە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی بکرێت. شایانی باسە کە زانیار ئەشرەفی بەڕیوەبەری بەرنامەی ئەو ڕیوڕەسمە چەندین شیعیر سەبارەت بە ئەو یادە خوێندەوە.

جێی باسە کە چەندین پەیام بە بۆنەی ٢٥ەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکرانی شەهید د. شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی گەیشتنە دەستی بەڕیوەبەرانی سیمینارەکە کە بریتی بوون لە:

پەیامی کەرت ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

پەیامی پارتی دێموکڕاتی کوردستان

پەیامی حیزبی شیوعی کوردستان

پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران

پەیامی نوێنەری لیبڕاڵەکانی سوید

پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان

پەیامی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە شاری ئیسکلستوونا

پەیامی پارتی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور

کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد

 

 

 

تێبينيى
ئامادەکردن...