ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لێدوان دەدات

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتیکردن و تێکدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە زاری “ئەمیر عەبدوڵڵاهیان” یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و هاوکاری پلەبەرزی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە کاروباری نێودەوڵەتیدا لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە :”ئیسرائیل گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتی کوردستانە”.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئاڵای ئیسرائیل لە دەستی خەڵکدا بووە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل پشتیوانی گەورەی دەوڵەتی کوردستانە.

پێشتریش لەبارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وەدەنگ هات و بەفەرمی دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو پرسە نیشتمانیەی کوردستان دەربڕی.

دوای ئەو قسەیەی خامنەیی “فوئاد مەعسووم” سەرکۆماری عێراق لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: “هەر جۆرە فشاری ڕێژیمی ئێران بۆ بڕیاردان بە جێگای عێراق ڕەت دەکەینەوە”.

“کارۆلین گلیک” نووسەری ڕۆژنامەی “جێروزالم پۆست” نووسیبووی: “ئەگەر گشتپرسی لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، کوردستان سەربەخۆ ببێت و ئامریکا و ئیسرائیل پشتیوانی لێ بکەن، دەوڵەتی کوردستان دەتوانێت پێش لە بەهێزبوونی ئێران و تورکیە بگرێت”.

بنیامین نێتانیاهوو لە ساڵی ٢٠١٤، سەربەخۆیی کوردستانی وەکوو تەنیا ڕێگاچارە بۆ تەواوبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەسنیشان کرد.

هەروەها مەسعوود بارزانی، له‌ كەرنە‌ڤاڵێکی گه‌وره‌ کە بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم له زاخۆ بەڕێوە چوو باسی لەوە کرد: ” به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت، گه‌لی كوردستان ڕازی بكات، ئێمه‌ ڕێفراندۆم بەڕێوەدەبەین و چی ده‌بێت با ببێت”. هەروەها ڕایگەیاند کە: “ڕێفراندۆم بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌نووسی خۆمان دیاری بكه‌ین و چیتر له‌ سایكس – پیكۆ و لۆزان و په‌یماننامه‌كاندا چاره‌نووسی ئێمه‌ دیاری ناكرێت و خۆمان چاره‌نووسی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین”.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی ٨ ڕۆژی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت.

تێبينيى
ئامادەکردن...