ئێران لەگەڵ کەمی بودجەی ٣٧٠ هەزار میلیاردی بەرەوڕوو دەبیتەوە

کوردستان میدیا: جێگەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بودجەی مەجلیسی ڕێژیم پێش‌بینی کردووە کە تا کۆتایی ئەمساڵ ئێران لەگەڵ کەمی بودجەی ٣٧٠ هەزار میلیارد ڕیاڵی بەرەوڕوو دەبێت.

هادی قەوامی لە وتووێژێکدا لەگەل ڕۆژنامەی “جهان صنعت” ڕایگەیاندووە: بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، ڕێژەی ئەرز بۆ ئێران کەم دەکات و بەم پێیەش نرخەکەی دەچێتە سەرێ و لەکۆتاییشدا تاکوو مانگی ڕەشەممە بڕی ٣٧ هەزار میلیارد تمەن کەمی بودجە بەرۆکمان دەگرێتەوە.

بودجەی ساڵی ٩٦ی ئێران لەسەر بنەمای نەوتی ٥٠ دۆلاری داڕێژراوە بەڵام هەنووکە نەوتی ئێران بە ٤٣ دۆلار دەفرۆشرێت؛ هاوکات دەوڵەت نرخی ئەرزی بۆ ساڵی ٩٦ لە بودجەدا بە ٣هەزار و ٣٠٠ تمەن دیاری کردبوو بەڵام هەنووکە نرخی ئەرز لە ٣٨٠٠ تمەنیش تێپەڕیوە و پیش بینی دەکرێت تا ماوەیەکی دیکە بگاتە ٤٠٠٠ تمەن.

لە یاسای بودجەی ساڵی ٩٦دا بودجەی گشتی ئێران بە ١١ میلیۆن و ٥٢٤هەزار و ٦٥میلیارد و ٩٦٩ میلیۆن ڕیاڵ پەسند کرا.

بەو پێیەی کە ئابووریی ئێران بەڕێژەیەکی بەرچاو بەستراوە بە نەوتە هەر ئاڵوگۆڕێک لە نرخی نەوت ڕاستەوخۆ شوێندانەری دەبێت لەسەر بودجە و بازاڕەکانی ئێران؛ لەلایەکی دیکەشەوە ئابووریناسان پێیان وایە لاوازی لە بەڕێوەبەری وڵات بەتایبەت لە کەرتی ئابووری یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هاتنەئارای ئەم بارودۆخەیە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵەکانیش کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە زیادکردنی نرخی وزە بۆ خەڵکی ئاسایی بەتایبەت نرخی ئاو و برق و گاز؛ قەرەبووی کەمی بودجەکەی خۆی بکاتەوە کە ئەمە لەڕاستیدا بەواتای چوونەسەری ئاستی گرانی بۆ خەلکی ئاساییە لە ئێراندا.

تێبينيى
ئامادەکردن...