لە دێکۆمێنتێک پەردە لە سەر کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لادرا

کوردستان میدیا: کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە، دێکۆمێنێکی ساز کردووە کە تێیدا باس لە پشتیوانییە شاراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە و تەقاندنەوەی بینای دوانەی نیویورکی ئامریکا لە ١١ی سپتامبری ٢٠٠١ کردووە.

ڕۆژی ٨ی سپتامبر ژمارەیەک لە کارناسانی ئامریکا بۆ یەکەم جار دێکۆمێنتێکیان لە کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە بڵاو کردەوە، کە بە وردی دەوری ئێران لە هێرش بۆ سەر بینای دوانەی شاری نیوریوک کە شوێنێکی بازرگانیی بوو، ئاشکرا دەکات.

یەکێک لەم کارناسانە دەڵێت: سەرەڕای پشتیوانیی هەمە لایەنەی ئێران لە ئەلقاعیدە بۆ ئەم هێرشە، دەورێک کە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لەم هێرشە خوێناوییە گێڕاویانە، دەورێکی بنەڕەتی و سەرەکی بووە، چون ئەگەر ئێران و حیزبوڵڵا یارمەتی ئەلقاعیدەیان نەدایە، ئەم کارەساتە ڕووی نەدەدا.

ئەم دێکۆمێنتە چەندین ڕوانگە لە خۆ دەگرێتەوە، کە هەموو باس لەوە دەکەن، کە ڕێژیمی ئێران لەم هێرشانە دەستی باڵای هەبووە، هەروەها لەم دێکۆمێنتە دەپرژێتە سەر دۆسییەی ئێران و ئاستی چالاکییەکانی ئەلقاعیدە پاش کوشتنی ئوسامە بن لادەن لە ئەبووتئاوادا.

هەروا لەم بارەوە تیشک دەخرێتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئامریکا کە لە ساڵی ڕابردوودا، بەپێی ئەو بڕیارانە نزیک بە ١٠ میلیارد دولار لە داراییەکانی ئێران کە بە داڕێژەری هێرشەکانی ١١ سپتامبر ناسرابوو، زەوت کراوە.

لەم دێکۆمێنتە، مێژووی پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەلقاعیدە دەخاتە ڕوو و هێندی بەڵگە ئاشکرا دەکات کە ئێران چۆناچۆن بەستێنی پەرەسەندنی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییەی ئامادە کردووە، بەشێکی دیکەی ئەم دێکۆمێنتە هەر لە هێرش کردن بۆ سەر کەشتی “یو. ئێس. ئێس” بگرە هەتا هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە نایرووبی و هێرشی ١١ی سپتامبر دەخاتە ڕوو، کە لە هەموویان ئێران وەکوو هاوکار و پشتیوانی ئەلقاعیدە ناسراوە.

بەشی بەرچاوی ئەم دێکۆمێنتە ئەوەیە کە ثێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران پاش مەرگی بن لادەن و سەرهەڵدانی داعش کە گومانی دروست بوونی لە لایەن هەر ئەو ڕێژیمەوە هەیە، لەگەڵ ئەم گرووپانە پتەو و لە سەر جێی خۆی ماوە.

هەموو بەشەکانی ئەم دێکۆمێنتە باس لە ڕاستییەک دەکەن، کە چەندین ساڵە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سکرتێری گشتی ئەم حیزبە ئەو ڕاستییانە بۆ دنیا و ناوچەکە ئاشکرا دەکەن، کە “ئێران سەرچاوەی و هۆکاری سەرهەڵدانی هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە بەگشتی و داعش بەتایبەتییە”.

تێبينيى
ئامادەکردن...